رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا، کە ئێستا جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزەیە دەڵێت، بە هیوان لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. دەشڵێت، حکومەتی ئەمریکا بەشێکە لە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، کە نوێنەر فاتیح پێشکەشی دەکات، گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ شتێکی نوێ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەندەی ئاگادارین هەندێک پێشڤەچوون لە گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن، کە جێگەی دڵخۆشی ئێمەن."
ماتیۆ زەیس بە پێویستی دەزانێت چارەسەرێک بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە و هیواداریشە لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
ئەو گوتانەی زەیس لەکاتێکدایە شەوی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر ویست هەبێت هیچ شتێک نییە چارەسەر نەکرێت، پرسەکە پەیوەندارە بە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لە هەرێمى کوردستان."
بەنگین رێکانی دەشڵێت، ئەم کۆمپانیایانە گرێبەستى بەشدارییان هەیە و تێچووى بەرهەمهێنانى بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکانى نەوتى عێراق لە شوێنێک بۆ شوێنێکى دیکە جیاوازن، لەکێڵگەکانى باشوور هەردەم تێچوو کەمە، هەندێک کێڵگەى دیکە هەن تێچووى بەرهەمهێنانى زۆرە وەک کێڵگەى گەیارە کە تێچووەکەى ئەگەر هەیە بگاتە 30 دۆلار بۆ یەک بەرمیل، کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان تێچووى بەرهەمهێنان تێیاندا بەرزە.
لەبارەی تێچووی کۆمپانیاکانەوە، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە گوتی: "کۆمپانیاکان پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەکی نوێ دەکەن لەنێوان بەغدا و هەولێر و چاوەڕێین حکومەتی عێراق تێچووی کۆمپانیاکانی نەوت خەرج بکات".
بە گوتەی ماتیۆ زەیس، ئەمریکا بە وردی ئاگاداری کێشەکانی نەوتە لە عێراق و دەڵێت: "ئەمریکا رۆڵی هەیە و بەشدارە لە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023 لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و، دەڵێ لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری ئەم ساڵەوە لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس لەئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا، راگیراوە و تائێستا سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە لە ئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیاش، دەستیپێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ