72 هوتێل و رێستورانت لە کوردستان داخراون

14-02-2015
پشتیوان جەمال
A+ A-

رووداو-سلێمانى

بەهۆى ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، تائێستا 72 رێستورانت و هوتێل و میوانخانە لە شارەکانى کوردستان داخراون لەوانەش هوتێلى 5 ئەستێرەیی.

بەپێى ئامارێکى کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکان، چوار هەزار هوتێل و مۆتێل و رێستورانت و شوێنى گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

هێرش ئەحمەد چاوشین، سەرۆکى کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکان بە (رووداو)ى گوت کە لەماوەى 6 مانگى رابردوودا و بەهۆى قەیرانى داراییەوە 72 شوێنى گەشتیاری داخراون، لەوانەش دوو هۆتێلی پێنج ئەستێرەیى کە هەردووکیان لە سلێمانین، بەڵام ناوی هوتێلەکانی ئاشکرا نەکرد.

هەر بەپێى ئەو ئامارەى کۆمەڵەکە، 60%ى کرێکارانی ئەو شوێنانە رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە دوو هەزار کرێکار.

مانگى کانوونی یەکەمی رابردوو سەرجەم میوانخانە و شوێنە گەشتیارییەکان لە شارى سلێمانى کۆبوونەوە و چەند پێشنیازێکیان گەڵاڵە کرد بەمەبەستى هاوکاریکردنیان بۆ ئەوەى رووبەڕووى زیانى ئابووریى زیاتر نەبنەوە و هەفتەى رابردووش ئەو پێشنیازانە گەیەندراونەتە وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار.

لە گرنگترین داواکارییەکانى بەشداربووانى ئەو کۆبوونەوەیە دابەزاندنى نرخى ئاو و کارەبا و باج بوو، هەروەها لەکاتى تازەکردنەوەى مۆڵەتى ساڵانەى چێشتخانە و میوانخانەکان هەموو جارێک نەیانگەڕێننەوە بۆ فەرمانگەکانى بەرگریى شارستانى و ئاسایش و شارەوانى، نوێنەرى کۆمەڵە لە ئەنجوومەنى دەستەى گەشتوگوزار ئەندام بێت بۆ بەشداربوون لە بڕیارەکان، هەروەها دروستکردنى لیژنەیەکى باڵا لەئەنجوومەنى وەزیران بۆ هەر سآ پارێزگاکە و ناوچەى گەرمیان بەمەبەستى رەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ راکێشانى گەشتیاران.

نادر روستى، گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزار دەڵێ بەو پێیەى گەشتوگوزار بآ کەرتى تایبەت ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە ئەوان پشتگیریى هەموو داواکارییەکانى ئەو شوێنانە دەکەن "بەمەرجێک کار لە بەرژەوەندى گشتیى هاووڵاتیان نەکات".

بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزارى سلێمانى کە دراوەتە (رووداو)، 9 هۆتێلى چوار ئەستێرەیى و 6 هۆتێلى پێنج ئەستێرەیی لەو پارێزگایەدا هەن کە بەهۆى قەیرانى داراییەوە یەکێکیان داخراوە.

یاسین فەقآ سەعید، بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى سلێمانى سەبارەت بە میوانخانە براندەکانیش گوتی "تەنیا میوانخانەیەکى چوار ئەستێرەیى داخراوە، بەڵام کافتریا و ریستۆرانتەکەى هەر کاردەکەن".


دهۆک حاڵى باشترە

شێروان قادر، بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى هەولێر ئاشکراى کرد کە بەهۆى قەیرانى داراییەوە نزیکەى 20 میوانخانە و مۆتێل کاریان راگرتووە و زیاتریش ئەوانەن کە بیناکانیان بەکرآ گرتبوو". گوتیشى "ئێستا لەگەلڕ شارەوانى و پارێزگاى هەولێر لەهەوڵداین بۆ کەمکردنەوەى پارەى خزمەتگوزاری لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان".

بەڵام دهۆک لەو رووەوە حاڵی باشترە. عوبەیدوڵڵا داود، بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى دهۆک گوتى دوو تا سآ میوانخانە و مۆتێلى ئاسایى بەهۆى کەمبوونەوەى ئیش کردوویانە بە بەشى نێوخۆیى قوتابیان.
 بەهۆى شەڕى داعشەوە، دەیان هەزار ئاوارە نیشتەجێى هەرێمى کوردستان بوون کە پشکى شێرى بەر شارى دهۆک کەوتووە، عوبەیدوڵڵا گوتى "بەشێکى هۆتێلەکان لەلایەن ئاوارەوە بەکرێ گیراون".

شەمالڕ عەلى کە ماستەرى لە بوارى گەشتوگوزار لەزانکۆى سلێمانى بەدەستهێناوە و ئێستا مامۆستاى هەمان زانکۆیە، دەڵێت لەهەر وڵاتێکدا شەڕ و قەیرانى دارایى هەبێت هاتنى گەشتیار بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و شوێنە گەشتیارییەکان ناتوانن لەکارکردن بەردەوام بن.

 لە وڵاتانی گەشتیاریدا دوو وەرزى گەشتوگوزار هەن کە یەکێکیان پێیدەگوترێ وەرزى بەرزی گەشتیاری و دووەمیشیان وەرزى نزمى گەشتیارییە. شەمالڕ عەلى دەڵێ لە وەرزى بەرزی گەشتیاریدا رێژەى گەشتیار زۆر دەبن و گەشتیار پارەیەکى زۆر خەرجدەکەن "بۆیە حکومەت دەتوانێ باجێکى زۆرتر لە شوێنە گەشتیارییەکان وەربگرێت، بەڵام لە وەرزى نزمى گەشتیاریدا کە ئیش کەمترە، بۆ رێگرتن لەداخستنى شوێنە گەشتیارییەکان، حکومەت دەبێ رێژەى 25%ى باج کەم بکاتەوە".

حوسامەددین عەلى، بەڕێوەبەرى گشتى یەکێک لە میوانخانە گەشتیارییەکان لە شارى هەولێر ئاشکرایکرد کە بەهۆى قەیرانی دارایی و نەهاتنى گەشتیارانى عەرەبەوە ئیش بەڕێژەی 50% کەمبووەتەوە.

بەڵام رێبین ستار، بەڕێوەبەرى بە بازاڕکردن لە میوانخانەى تایتانیکی پێنج ئەستێرەیی لە شارى سلێمانى دەڵێت، لەو ماوەیەدا نەک ئیشیان دانەبەزیوە تەنانەت ریکۆردیشیان شکاندووە. گوتیشى "هەرچەندە قەیرانێکى گەورەى دارایى هەیە، بەڵام میوانانى هۆتێلەکەمان زیاتر بوون".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە