رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) رۆژی سێشەممە (14-4-2026) رایگەیاند، جەنگی ئێستا ئابووریی جیهانی شێواندووە و هۆشداری دا کە پەککەوتنی بازاڕی نەوت دەبێتەهۆی خاوبوونەوەی گەشە، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و ئەگەری سستبوونی ئابووریی جیهان.
دابەزینی پێشبینییەکانی گەشە
لە نوێترین راپۆرتی (ئاسۆی ئابووریی جیهان)دا، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی ئابووری کەمکردەوە. پیر ئۆلیڤیێ گورینشاس، سەرۆکی ئابووریناسانی رێکخراوەکە نووسیویەتی: "دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسۆی جیهان بە کتوپڕی تاریك بوو. جەنگ ئەو رێڕەوە جێگیرەی گەشەی پچڕاند کە پێشتر هەبوو."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تەنانەت ئەگەر جەنگەکە زوو کۆتاییش بێت، زیانەکان هەر دەمێننەوە. رێکخراوەکە پێشبینی دەکات ئەم ساڵ گەشەی جیهانی بۆ 3.1٪ دابەزێ، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025دا 3.4٪ بوو.ئەم ژمارەیەش نزمترە لەو 3.3٪ـەی کە لە کانوونی دووەمی رابردوودا مەزەندە کرابوو.
شۆکی نرخ و سیناریۆ مەترسیدارەکان
جەنگەکە بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبێتەوە، نرخی گازی سرووشتی بە رێژەی 80٪ هەڵکشا و بەرزبوونەوەی نرخی پەینیش تێچووی کشتوکاڵی زۆر کردووە. رێکخراوەکە دەڵێت لە خراپترین سیناریۆدا، ئەگەر پەککەوتنی بازاڕی وزە تاوەکو ساڵی داهاتوو بخایەنێت، گەشەی جیهانی بۆ 2٪ دادەبەزێت و هەڵاوسان بۆ 6٪ بەرز دەبێتەوە.
ئەمریکا و رووسیا؛ دوو ئاراستەی جیاواز
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دەکات گەشەی ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی 2026دا بگاتە 2.3٪، کە ئەمەش نزمترە لەو 2.4٪ـەی پێشتر پێشبینی بۆ کردبوو. ئێستا گەورەترین خاڵی لاوازی ئەمریکا گرانیی نرخی سووتەمەنییە. رۆژی سێشەممە تێکڕای نرخی هەر گاڵۆنێک بەنزین لەو وڵاتە گەیشتە 4.11 دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە رووسیا تاوەکو ئێستا گەورەترین سوودمەندی جەنگەکەیە. پێشبینی دەکرێ ئابووریی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2026دا بە رێژەی 1.1٪ گەشە بکات، ئەوەش بەهۆی بەرزیی نرخی نەوت و سووککردنی کاتیی سزا ئەمریکییەکان بۆسەر فرۆشی نەوتی رووسیا.
کۆبوونەوەی واشنتن و لێدوانی بێسێنت
ئەم پێشبینییانە هاوکاتن لەگەڵ دەسپێکی کۆبوونەوەکانی بەهاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتن. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، داوای لەم دوو دامەزراوەیە کرد کە سەرنجیان بخەنە سەر ئەرکە بنەڕەتییەکانی خۆیان، وەک دابینکردنی سەقامگیریی دارایی و رزگارکردنی خەڵک لە هەژاری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ