نرخی ئەلەمنیۆم گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو؛ تەنگەی هورمز بازاڕی کاڵاکە دەهەژێنێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەردەوامیی جەنگی ئێران تەنیا نرخی نەوتی بەرز نەکردووەتەوە، بەڵکو نرخی ئەلەمنیۆمیشی گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو، هەرەسهێنانی دانوستاندنەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران و گەمارۆدانی تەنگەی هورمز، ترسی گەورەی لای بازرگانان دروستکردووە.
 
لە قتوویەکی سادەی خۆراکەوە تاوەکو مۆبایلە زیرەکەکان، پانێڵی سۆلار، ئۆتۆمبێل و فڕۆکە؛ ئەلەمنیۆم لە هەموو شوێنێکە. ئەلەمنیۆم کاڵایەکی سەرەکییە و بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی خەڵک. جۆناسان گرانت، سکرتێری گشتیی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ئەلەمنیۆم دەڵێت: "ئەلەمنیۆم بە راستی کۆڵەکەی ئەو پیشەسازییانەیە وا دەکەن کۆمەڵگە بەردەوام بێت و ئابووری گەشە بکات."
 
دابینکردنی ئەلەمنیۆم لە مەترسیدایە
 
ئێستا زنجیرەی دابینکردنی ئەم کاڵایە لە مەترسیدایە، 22%ـی بەرهەمی ئەلەمنیۆمی جیهان (جگە لە چین) لە وڵاتانی کەنداوە و هەناردەکردنیان تەنیا لە رێگەی تەنگەی هورمزەوەیە، ئەو رێڕۆ ئاوییە گرنگەی نێوان کەنداو و دەریای عومان، لە 28ـی شوباتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران داخراوە.
 
دوای هەرەسهێنانی دانوستاندنەکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەموو هاتوچۆیەکی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن. ترەمپ لەبارەی ئێرانییەکانەوە هۆشداری دا و گوتی: "ئەمە بۆ ئەوان خۆش نابێت، با بەو شێوەیە بیڵێم."
 
هەرچەندە بەرهەمهێنەرانی کەنداو ئەلەمنیۆم بۆ دەرەوەی ئێران هەناردە دەکەن، بەڵام ترسی کەشتییەکان لە تێوەگلان لە جەنگەکە، وایکردووە زۆربەی کۆمپانیاکان زەفەری تێپەڕبوون لە تەنگەکە نەکەن.
 
هێرش بۆ سەر کارگەکان و بەرزبوونەوەی نرخ
 
جگە لە گەمارۆی تەنگەی هورمز، کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم لە ناوچەکەدا راستەوخۆ کەوتوونەتە بەر هێرشەکانی ئێران. لە 28ـی ئاداردا، هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانیان لە ناوچەکە پێکا.
 
رۆس ستراچان، بەرپرسی کەرەستە خاوەکانی ئەلەمنیۆم لە گرووپی CRU دەڵێت: "کاریگەرییەکە زۆر گەورەیە، ژمارەیەکی زۆر لە گەورەترین کارگەکانی ئەلەمنیۆمی جیهان لە کەنداودان. 22%ـی بەرهەمی جیهان لەو ناوچەیەیە. دوو لە گەورەترین کارگەکان پێکران؛ یەکێکیان لە بەحرێن و ئەویدیکەیان کارگەی EGA یان هەمان کارگەی ئەلتەویلە لە ئیمارات. لەوەش زیاتر، کێشەی گازی سرووشتی لە قەتەر دروستبووە، کاریگەریی کردووەتە سەر بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم چونکە گازەکەیان بڕاوە. هەروەها بەهۆی گەمارۆی سەر تەنگەی هورمزەوە، کەرەستەی خاو ناگاتە کارگەکانی بەحرێن."
 
ئەم کێشانە وایکردووە نرخی ئەلەمنیۆم لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، بە گوتەی ستراچان: "داخرانی تەنگەی هورمز و نیگەرانییەکان نرخەکەیان زۆر بەرزکردووەتەوە. ئەمە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تەوەری سەرەکییە و نرخەکان هێندەی دیکە هەڵکشاون."
 
بەرزترین نرخ لە چوار ساڵدا
 
ئەم هەفتەیە نرخی هەر تۆنێک ئەلەمنیۆم گەیشتە سێ هەزار و 665 دۆلار، ئەمە بەرزترین ئاستە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئەم دۆخە کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر بازاڕەکانی جیهان، لەوانە بازاڕی نیکی لە تۆکیۆ و بازاڕی بۆرسەی تایوان.
 
جۆناسان گرانت، سکرتێری گشتیی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ئەلەمنیۆم پێشبینی دەکات ئەم قەیرانە بە درێژایی مانگەکانی نیسان و ئایار بەردەوام بێت و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرهەمهێنانی وڵاتانی کەنداو زیاتر ببێت.
 
هەرچەندە وا دیارە ئاگربەستی هەفتەی رابردوو تاوەکو ئێستا جێگیرە، بەڵام کێشەی تەنگەی هورمز دەکرێت هەر کاتێک بێت ئاگری جەنگەکە خۆش بکاتەوە و زیانە ئابوورییەکانی سەر ناوچەکە و جیهان قووڵتر بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت

سەرۆکی ئاژانسی وزە: نرخی نەوت هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا نییە بەراورد بەو قەیرانەی دروستبووە

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، نرخی نەوت هێشتا رەنگدانەوەی تووندی ئەو قەیرانی خستنەڕووە نییە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە. بەڵام دەڵێت، "بەمزووانە رەنگدەداتەوە."