رووداو- هەولێر
هەر لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما، بازاڕی سۆبەش لە كوردستان جوڵەی تێدەكەوێ، بازرگانان دەڵێن ساڵانە بایی 17 ملیۆن دۆلار سۆبە هاوردە دەكەن و لە بازاڕەكان ساغی دەكەنەوە.
لە هەرێمی كوردستان چوار جۆر سۆبە بەكاردێ، كارەبایی، نەوتی، غازی و دار، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، هیچ داتایەكی نییە لەبارەی ئەو سۆبانەی كە ساڵانە بازرگانان هاوردەی دەكەن، بەڵام بەگوتەی بازرگانان ساڵانە كۆمپانیا و بازرگانە بچووكەكان زیاتر لە 100 هەزار سۆبەی نەوتی و نزیكەی 700 هەزار سۆبەی كارەبایی و گازی لە ئێران و توركیا و چین و كۆریای باشوور و ژاپۆنەوە دەهێننە كوردستان كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار.
یوسف محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سیتا بۆ بازرگانیی گشتی و هاوردەكردنی سۆبەی نەوتی كە بریكاری گشتیی سۆبەی تۆیۆتۆمی تۆربۆی یابانییە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەڵێت: "بەگوێرەی بەدواداچوون بۆمان دەركەوتووە ساڵانە كۆمپانیا و بارزگانە بچووكەكان زیاتر لە 100 هەزار سۆبەی نەوتی دەهێننە كوردستان كە بەهاكەی دەگاتە نزیكەی 12 ملیۆن دۆلار".
زۆربەی ئەو كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەشێكی زۆریان هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێنەوە، بەڵام بۆ سۆبە وانییە. یوسف محەممەد، گوتی "دابەزینی پلەی گەرما لە شارەكانی عێراق بەراورد بەشارەكانی هەرێمی كوردستان زۆر نییە، بۆیە 80%ی ئەو سۆبانەی ساڵانە هاوردەی دەكەین هەر لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشرێن".
یوسف نموونە بە كۆمپانیاكەی خۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ساڵانە بەپێی خواستی بازاڕ 15 تاوەكو 16 هەزار سۆبەی نەوتی لە 10 تاوەكو 12 جۆر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەین، 80%ی ئەو سۆبانەش لە هەرێمی كوردستان ساغ دەكەینەوە، بەشەكەی دیكەی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەین".
یوسف محەممەد كە 13 ساڵە سۆبە دەفرۆشێ، سەبارەت بە زۆرترین جۆری ئەو سۆبانەی هاوردە دەكرێن دەڵێت: "زۆرترین سۆبەی نەوتی لە ئێران هاوردە دەكرێ، سۆبەی كارەباییش لە چین. هەر چەندە كواڵێتی سۆبەی یابانی و كۆری بە ئێرانی و توركی بەراورد ناكرێ، بەڵام بەهۆی هەرزانی نرخیان، بازاڕی سۆبەی ئێرانی و توركی گەرمترە".
بەگوێرەی ئامارێكی نافەرمی زیاتر لە 50 كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان سۆبە هاوردە دەكەن، ئەمەش كێبڕكێی لە نێوان كۆمپانیاكان دروستكردووە، بەشێكیان بۆ فرۆشی زیاتر پەنا بۆ تەقلیدی ماركەكان دەبەن.
یوسف دەڵێت: "لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەسەتان جۆر سۆبەی نەوتی و كارەبایی و غازی هەن، بەڵام ئەو سۆبەیانەی ماركەن و كوالێتیان بەرزە ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێپەر ناكات، ئەوانی دیكەی هەمووی تەقلیدن، بۆ نموونە سۆبەكانی ئێمە كە ماركەی تۆیۆتۆمی تۆربۆی یابانییە ، زیاتر لە 20 جۆری لە ئیران و چین و كۆری لێ تەقلید كراوەتەوە بەناوی تۆربۆ بە نرخی ماركە بەخەڵك دەفرۆشرێتەوە. سۆبەی واخراپ لە بازاڕدا هەیە كوالێتییەكەی سفرە بەشی یەك زستان ناكات، بەتایبەت ئەوەی سۆبەیانەی بۆ تەندەری رێكخراوە خێرخوازییەكان دروستدەكرێن".
ئەو سۆبەیانەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، بەگوێرەی كوالێتی و قەبارەیان نرخیان جیاوازە ،نرخی سۆبە نەوتییەكان لە 25 دۆلار دەست پێدەكات تاوەكو دەگاتە 200 دۆلار، بەهەمانشێوە نرخی سۆبەی كارەباییەكانیش بەگوێرەی قەبارە و كوالێتییەكەیان نرخیان لەنێوان 5.5 تاوەكو 150 دۆلار دایە.
حازم جاسم عەبدی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوال بۆ بازرگانی گشتی و هاوردەكردنی سۆبەی كارەبایی دەڵێت كۆمپانیاكەیان ساڵانە نزیكەی 700 تاوەكو 800 هەزار سۆبەی كارەبایی لە توركیا و چین هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكات ، دەڵێت "ئەو سۆبەیانەی ئێمە لە توركیا و چین دروستیان دەكەین نزیكەی 20 جۆرن بەرەنگی جیاواز بە لۆگۆی كۆمپانیاكەمان دەیفرۆشین و كوالێتیان باشە و نرخیشیان گونجاوە لەنێوان 16.5 تاوەكو 51 دۆلاردایە، ئەمەش وایكردووە فرۆشمان باش بێت، بۆیە 50% ئەو سۆبە كارەبایانەی لەپێشەنگاكانی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێن هی كۆمپانیاكەی ئێمەیە".
حازم جاسم عەبدی دەڵێت نیوەی ئەو سۆبەیانەی ئەوان هاوردەی دەكەن لە بازاڕەكانی كوردستان ساغی دەكەنەوە، نیوەكەی دیكەشی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن. گوتیشی "بە تەنیا ئێمە ساڵانە لە كوردستان بایی نزیكەی سێ ملیۆن دۆلار سۆبەی كارەبایی دەفرۆشین، كۆمپانیای دیكەش هەن هەمان كاری ئێمە دەكەن، بۆیە پێشبینی دەكەین ساڵانە بایی نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار سۆبەی كارەبایی بفرۆشرێ".
سەمیر لەتیف، خاوەنی پێشەنگای سەید سەمیر بۆ فرۆشتنی سۆبە و كەلوپەلی كارەبایی لە شاری هەولێر دەڵێت :"كاتێك پلەكانی گەرما دادەبەزێت بەهۆی هەرزانی نرخی غاز فرۆشی سۆبەی غازی زیاد دەبێت، بەڵام كاتێك نەوت دابەش دەكرێت جارێكی دیكەی فرۆشی سۆبەی غازی كەمدەبێتەوە و فرۆشی سۆبەی نەوتی زیاد دەبێت، سۆبەی كارەباییش فرۆشی هەیە، چونكە بەشێك لە هاووڵاتیان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی سووتەمەنی، كاتێك كارەبای نیشتمانی دەبێت سوپای كارەبایی بەكاردەهێنن".
سەبارەت بە فرۆشی جۆری سۆبەكان. سەمیر دەڵێت "بەشێوەیەكی گشتی 50% فرۆشی پێشەنگاكان لە سۆبەی نەوتی دایە و 50% دیكەش لە فرۆشی سۆبەی غاز و كارەبادایە".
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە وەرزی زستان و كەمی كارەبا، ماوەی چەند ساڵێكە خواستی لەسەر سۆبەی غازیش لەهەرێمی كوردستان زیاد كردووە، ئێستا بەشێك لەكۆمپانیا بازرگانییەكان سۆبەی غازیش هاوردە دەكەن.
حازم جاسم عەبدی، دەڵێت :"كۆمانیاكەكەمان زیاتر تایبەتە بەهاوردەكردنی سۆبەی كارەبایی، بەڵام ساڵی رابردوو بۆ تێست نزیكەی 20 هەزار سۆبەی غازیمان هێنا، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو لە ماوەیەكی كەمدا هەموویان فرۆشران".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ