رووداو دیجیتاڵ
443 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمە دووەم بڕە پارەیە کە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان، دوێنێش وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو 198 ملیار دینار بە سێ گوژمە وەک شایستەی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە، کە لەماوەی پێنج رۆژدا و لە 15 بۆ 20ـی 5-2024 دابەش دەکرێت.
لیستەکە ناو و وادەی دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزی بەرگری و فریاکەوتن، زێرەڤانی، دەزگای ئاسایش، ئەنجوومەنی ئاسایش و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکانی تێدا نییە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێ "ئەم خشتەیە بەپێی ئەو تەمویلە ئامادەکراوە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە نێردراوە."
دابەشکردنی مووچە لەکاتێکدایە لە دوێنێوە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئامانجی شاندەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەمواری خشتەکانی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی ئەو گرفت و ئاستەنگانەی لە کاتی هەمواری یاساکەدا بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە. پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتەوە، بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترا کە عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکرد.
مووچەی مانگەکانی شوبات و ئاداری مووچەخۆران بەتەواوی لەلایەن بەغداوە پارەدار کرا، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق داوای تەواوی داهاتی ناونەوتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی بووە بەوەی نیوەی داهاتەکەی بە شێوەی کاش رادەستی بەغدا بکات.
پرسی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، هاوشان لەگەڵ پرسی بەجێکردنی مووچە، هۆکار بوون بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
دوێنێ، بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بانکەکەیان لە توانایدایە پرۆسەی بەجێکردن و بەبانکیکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانە جێبەجێبکات کە بانکەکەیان هەڵدەبژێرن تاوەکو هەژماربکەنەوە.
گوتیشی، چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لیستی ناوی فەرمانبەران و بەڵگەنامەکانیان بنێرێت تاوەکو دەستبەجێ مووچەکانیان بەجێبکات و هەژماریان بۆ بکاتەوە.
ئێوارەی هەمان رۆژ، د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، هێشتا هیچ رێککەوتنێکی فەرمی و نووسراو لەلایەن بانکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکراوە بۆ بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ