دامەزراوەیەکی ئابووری: 130 تریلیۆن دینار لە بانکەکانی عێراقە

15-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەیەکی توێژینەوە و راوێژی ئابووری رایگەیاند، پارەی دانراو لە بانکەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 130 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی 100 تریلیۆن دینار بووە.
 
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پارانەی لە بانکەکانی بازرگانیی عێراق هەڵگیراون بە هەموو جۆرەکانی دراو لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەهای 129 تریلیۆن و 880 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بەوەش لەگەڵ ساڵی پار کە زیاتر لە 90 تریلیۆن دینار بووە، زۆر زیاد بووە."
 
سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری گوتی، "رێژەی زیادبوونی ساڵانەی پارەی هەڵگیراو لە بانک دەگاتە 3.74%."
 
بە گوتەی عوبەیدی، "ئەو پارانەی لە بانک هەڵگیراون لە ژمێرەکانی بەردەوام و ژمێرەکانی جێگیر و پاشەکەوتن. ئەو پارانەی هەڵگیراون رێژەی 80%یان لە ژمێرەکانی بەردەوام بووە، کە زیاتر لە 104 تریلیۆن و 550 ملیار دینار دەبێت."
 
هەروەها ژمێرەکانی پاشەکەوتیش 16 تریلیۆن و 200 ملیار دیناریان تێدا بووە.
 
ئەو پارانەشی لە ژمێرەکانی جێگیر لە بانکەکاندا هەڵگیراون، 9 تریلیۆن و 130 ملیار دینار بووە.
 
سەرچاوەی پارە هەڵگیراوەکان لە بانکەکانی عێراق کەرتی تایبەت و حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوەکانی گشتین.
 
مەنار عوبەیدی لەبارەی سەرچاوەکانەوە دەڵێت، "43%ی پارەکانی نێو بانگەکانی بازرگانی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دانراون کە 55 تریلیۆن و 890 ملیار دینار دەبێت، پارەکانی حکومەتی ناوەندیش کە 34.3%ی کۆی گشتی پارەکان پێکدەهێنێت، 44 تریلیۆن و 630 ملیار دینار دەبێت، بەڵام پارەکانی دامەزراوەکانی گشتی 22.6%ی کۆی پارەکانی بانکەکان پێکدەهێنێت و 29 تریلیۆن و 360 ملیار دینار دەبێت."
 
بەپێی حکومەتی عێراق لەنێوان 110 بۆ 110 تریلیۆن دیناری عێراق لە دەرەوەی بانکەکاندان، حکومەت کار بۆ گێڕانەوەی بۆ نێو بانکەکان دەدات و بۆ ئەو مەبەستە ئاسانکاریی تەواو بۆ بانکەکان و خەڵک دەکات، بەڵام هێشتا خەڵک دڵنیایی تەواوی لەلانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلار و تمەنی ئێرانی

یەک دۆلار بە 181 هەزار تمەنە

نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە دوو رۆژی رابردوودا دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ ئاراستەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن دووبارە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.