کۆمپانیاى بی پی لە کێڵگەکانى کەرکووک کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی باکوور بڕیاری دا کارەکانی چوار کێڵگەی نەوتى کەرکووک بەتەواوی بگرێتەوە دەست، دوای کشانەوەی کۆمپانیای بی پی لەو کێڵگانە. ئەو هەنگاوە بۆ ساڵێکە.
ئەو بڕیارەی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە نووسراوێکى بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بووە کە لە 7ی ئاداری 2026 دەریکردووە.
بە گوێرەی بڕیارەکە، کۆمپانیای نەوتی باکوور سەرجەم کارەکان لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک بەتەواوی وەردەگرێتەوە، لەنێویاندا پێداویستییە گرنگەکانی کارپێکردن و ئەرکە هاوبەشەکان بۆ بەرهەمهێنان بۆ ساڵێک.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیارە هەمان رۆژی کشانەوەی کارمەندانى کۆمپانیاکە دەرکراوە.
بەگوێرەی نووسراوەکە، دەرچوونی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە کشانەوەی کۆمپانیای بی پی کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر کێڵگەکان کە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە سەرپەرشتى دەکران.
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، بڕیارەکە هەر چوار کێڵگەی (بای حەسەن، خەباز، جەمبوور، کەرکووک) دەگرێتەوە و بەشێک لەو ئەرکانەی کە لە بری بی پی لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەنجام دەدرێن، چاککردنەوە و پشکنینی بۆری و قووفڵەکانی نەوتە لەو کێڵگانە.
کشانەوەی ئەو کۆمپانیا بەریتانییە لە کێڵگەکانی کەرکووک بەهۆی دۆخی شەڕە لە ناوچەکە، کە لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە و کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە.
رۆژی 1ی ئابی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بی پی کرد، بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک و رێورەسمى چالاککردنى گرێبەستەکان لەنێوان وەزارەتى نەوتى عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانیەکە لە 26ى ئادارى 2025 لە بەغدا واژۆ کرا.
بە گوێرەى گرێبەستەکە، دەبوو کۆمپانیاى بی پی لە کێڵگەکانى کەرکووک کاربکات، بەشێکى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت و ئەوى دیکەی بۆ وەبەرهێنانى گازى هاوەڵى ئەو کێڵگانەیە.
ماوەى گرێبەستەکە بۆ 16 ساڵە و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت 500 هەزار بەرمیل و زیادکردنى وەبەرهێنانى گازى هاوەڵى کێڵگەکان، بەبڕى 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.