رووداو- هەولێر
فەرمانبەرێكی خانەنشین لەڕێی دامەزراندنی پرۆژەیەكی بچووكەوە، بەخێوكردنی باڵندەی خۆشەویستی (غەندوور) لە ئارەزووەوە دەگۆڕێت بۆ بازرگانی. بەوجۆرەش ساڵانە 70 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی باڵندەی خۆشەویستی دەستدەكەوێ.
باڵندەی خۆشەویستی ناوە زانستییەكەی (Agapornis)ە كە لەبنەڕەتدا ناوێكی لێكدراوە، پێكهاتووە لە (Agapien) كە بە زمانی یۆنانی كۆن بە مانای خۆشەویستی دێت، (Ornis)یش واتە باڵندە، هەر بۆیە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێ (Love bird) دەناسرێت، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش پێدەگوترێت تەیرولحوب یان غەندوور. ئەم باڵندەیە لە خێزانی بەبەغایە و نۆ جۆری هەیە، زێدی رەسەنیشی كیشوەری ئەفریقایە.
باڵندەی خۆشەویستی بە یەكێك لە جوانترین جۆرەكانی باڵندە ناسراوە، بۆیە لە زۆر وڵات بۆ مەبەستی جوانی و بازرگانی گرنگیی تایبەت بەبەخێوكردنی دەدرێت. لە كوردستانیش بەخێوكردنی خواستێكی زۆری لەسەرە. پێشتر زیاتر بۆ جوانی بەخێو دەكرا، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە هەندێ كەس بە مەبەستی بازرگانیش بەخێوی دەكەن، ئێستا پرۆژەیەك بۆ بەخێوكردنی ئەو باڵندەیە لە كەركووك دامەزراوە.
رەعد قادر كە پێشتر فەرمانبەری رێگاوبانی كەركووك بووە و سێ ساڵە خانەنشین كراوە، پێشتر ئەزموونێكی زۆری لە بەخێوكردنی ئەو باڵندەیەدا هەبووە، بۆیە دوای خانەنشینبوونی، ئەو پرۆژەیەی دامەزراندووە.
پرۆژەكەی رەعد قادر سێ ساڵ بەر لەئێستا بە 20 جووت غەندووری دایكانە دەستی پێكرد، ئێستا پڕۆژەكەی زیاتر لە 450 جوت غەندور دایكانەی تێدایە، وزەی ساڵانەی نزیكەی 1250 غەندوورە.
لەو نۆ جۆر غەندورەی لەجیهاندا هەن تەنیا سێ جۆریان زۆرتر لە كوردستان هەن (personata ، roseicollis ، fischeri) غەندورەكانی رەعد قادر لە جۆری (personata) رەنگەكانیشیان بریتین لە مۆر، شینی تۆخ و كاڵ، شەدری، رەش، سپی بەڵەك. نرخی جووتێكیشیان بەگوێرەی رەنگەكان لە نێوان 65 – 200 هەزار دینار دایە.
رەعد دەڵێت "رەنگی مۆر لە هەموو رەنگەكانی دیكە زۆرتر خواستی لەسەرە، نرخی جووتێكی 200 هەزار دینارە، دوای ئەویش رەنگی رەش دێت كە نرخی جووتێكی بە 100 هەزار دینارە، نرخی شینی تۆخ و سپی بەلەكیش 80 هەزار دینارە، هەرزانترین رەنگیش رەنگی شەدری و شینی كاڵە كە جووتی بە65 هەزار دینارە ".
درێژی ئەم باڵندەیە 13 بۆ 17 سانیتمەتر دەبێ، كێشەكەشی لە نێوان 40 بۆ 60 گرام دەبێ. غەندوور لە تەمەنی شەش مانگی پێدەگات. ساڵانە 4-5 جار لەسەر 4- 8 هێلكە كڕدەكەوێ و بە 21 رۆژ هەڵیاندێنێ.
رەعد قادر، شەش هۆڵی دایكانەی بەرهەمهێنانی جوچكەی هەیە، لەهەر هۆڵێك 75 جووتی داناوە، ساڵانە سێ وەجبە بەچكە هەڵدەگرێتەوە. رەعد دەڵێت دەڵێت "هەر جووتێك ساڵانە 12 تاوەكو 15 هێلكە دەكەن، بەڵام زۆرجار هێلكەكان هەڵناهێنن، هەندێجاریش جوچكەكان دەمرن، بۆیە لە هەر جووتێك ساڵانە 6-7 جوچكەم دەستدەكەوێت، بە گشتی ساڵانە نزیكەی 1000 تاوەكو 1250 جووت دەفرۆشم، دوای خەرجی، نزیكەی 70 ملیۆن دینارم دەستدەكەوێ".
رەنگی هەموو جۆرەكانی ئەم باڵندەیە لەبنەڕەتدا سەوزە تەنیا جیاوازیان لە رەنگی سەریاندایە، بەڵام بەهۆی لێكدان و دەستكاری جینەكانی، بەچەندین رەنگی جیاواز دەركەوتوون.
محەممەد نیزال لەسەر بانی ماڵەكەی پڕۆژەیەكی بچووكی بۆ بەخێوكردنی باڵندەی غەندوری داناوە و نزیكەی 100 جوتی غەندووری لێ بەخێو دەكات. محەممەد دەڵێت "هەشت ساڵ بەر ئێستا، هاوڕێیەكم جوتێك غەندور بەدیاری بۆ هێنام، بەهۆی جوانییەكەیان خولیای بەخێوكردنیان بووم، دواتر جوتێك رۆزی ئەلبینۆ و جووتێك بلاك ماسكی فیشەرم دەستكەوت، لەبازاریش هەر غەندوورێكی جوانم ببینبایە، دەمكڕی، بەهۆی لێدانیان توانم رەنگی جیاوازیان لێ دروست بكەم".
بەگوتەی محەممەد، خۆراك و خزمەت و شوێنی باش و شارەزایی رۆڵی سەرەكی دەگێرێ لەزیادكردنی بەرهەمی ئەم باڵندەیە "بەخێوكەری ئەم باڵندەیە بۆ ئەوەی داهاتی باشی دەستكەوێت پێویستە جۆرە نایاب دەگمەنەكان بەخێوبكات كە لەبازار خواستیان لەسەرە و هەندێكجار نرخی جووتێكیان دەگاتە 400 دۆلار". گوتیشی "من ساڵانە نزیكەی 7000 هەزار دۆلارم لە فرۆشتنی ئەو باڵندەیە دەستدەكەوێ".
محەممەد لە فەیسبووك گروپێكی بۆ فرۆشتنی باڵندەكانی كردووەتەوە كە 65 هەزار ئەندامی هەیە. ئەو دەڵێت "بەهۆی جوانی باڵندەكانم لە هەموو شارو شارۆچكەكان كڕیارم هەیە و گرفتی ساخكردنەوەم نییە".
بەخێوكردنی غەندور ئێستا كاری دووەمی محەممەدە ئەو پیشەی دروونی پەرەدەیە، بەڵام دڵنیایە لەوەی ئەگەر دەستبەداری كارەكەی بێت لەرێگەی بەخێوكردنی غەندورەكانی بێ گرفت دەتوانی بژێوی خێزانەكەی دابین بكات، بۆیە داوا لەگەنجان دەكات لە جیاتی هەوڵدان بۆ دامەزراندن، بیر لەو جۆرە پرۆژانە بكەنەوە.
غەندوور لە بازاڕەكانی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە، چەندین پێشەنگای تایبەت بە فرۆشتنی ئەو باڵندەیە هەن.
ئەژی نەوزاد، خاوەنی پێشەنگای جیهانی باڵندەی غەندور لەشاری سلێمانی بۆ نرخی جۆرەكانی باڵندەی غەندور، باس لە بازاڕی ئەو جۆرە باڵندەیە دەكات و دەڵێت "فیشەری 20 رەنگی هەیە هەرزانترینیان كە دەنوك سووری سەوزە، جووتی بە 25 هەزار دینارە، گرانترین كە رەنگی مۆرە، جووتێكی بە 350 بۆ 400 هەزار دینارە. هەروەها بلاك ماسكی ئەفەریقی هەیە، نرخی جووتێك لە جۆرە نایابەكەی دەگاتە 350 هەزار دینار، لە جۆری رۆزیش نایابەكەی كە ئەلبینۆیە نرخی جوتێكی دەگاتە 500 هەزار دینار".
بە گوتەی نەوزاد ئێستا خواستێكی زۆر لەسەر بەخێوكردنی ئەو جۆرە باڵندەیە هەیە و دەڵێت "پێشتر رەنگی جوان لە بازار كەم بوو، بۆیە زۆر خواست لەسەر بەخێوكردنی غەندور نەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر 50 رەنگ لە هەموو جۆرەكان لەكوردستان هەیە، بەرهەمی باشیش دەدت بۆ خواست لەسەر بەخێوكردنی زیادبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ