گەورەترین پێشانگەی گەشتوگوزار لە هەولێر کرایەوە

17-03-2019
پێشڕەو میرانی
نێچیرڤان بارزانی پێشانگەکەی کردەوە و بەشە جیاوازەکانی بەسەر کردەوە
نێچیرڤان بارزانی پێشانگەکەی کردەوە و بەشە جیاوازەکانی بەسەر کردەوە
نیشانەکردن پێشانگەی گەشتوگوزار مێتێکس
A+ A-

 رووداو - هەولێر

پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار، کە گەورەترین پێشانگەی گەشتیارییە بە بەشداریی دەیان کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

پێشانگەی مێتێکس کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ (17-3-2019) لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە دواتر بەشە جیاوازەکانی بەسەرکردەوە.

دووەم پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار (مێتێکس)، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر بە کۆمپانیاکان بناسرێت تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەن. 

هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاریی هەیە، هەروەها زۆر شوێنەواریشی تێدایە کە مێژووی هەندێکیان بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. 

عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، 250 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشداری پێشانگەکە دەکەن. لەو وڵاتانەی کۆمپانیایان لە پێشانگەکە بەشدارن، 10 وڵات عەرەبین، پێنجیان وڵاتی ئەروپی و ئەوانی دیکەش کۆمپانیای تورکی و ئێرانی و چەند کۆمپانیایەکی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیان.

کۆمپانیاکان بەشدارن بۆ ئەوەی بەرهەم و ئۆفەرەکانیان پێشکەش بکەن و هەوڵی پەیداکردنی هاوبەشی نوێ و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان بدەن.  

لە پێشانگەکەدا چەندین ئیڤێنت و پانێڵ پێشکەش دەکرێن بۆ پێشخستنی بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە سوود وەربگرێت، کە لەبواری گەشتوگوزار پێشکەوتوون، پێشانگەکە تاوەکو ئێوارەی نەورۆز بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 10:00 بۆ 19:00 کراوە دەبێت.


نوێنەری کۆمپانیا سپۆنسەرەکانی پێشانگەکە دەڵێ "جوڵەی گەشتیاری تەنیا پەیوەست نییە بە گەڕان، بەڵکو گەشتیاری تەندروستی و گەشتیاری خوێندنی باڵا و ئایینی و چەندین جۆری دیکەی گەشتیاری هەن... زۆرن ئەو فاکتەرانەی کاردەکەنە سەر بواری گەشتیاری لەوانە ئارامی، ئێمەش ئەوەمان هەیە لەسایەی خوای گەورە و هێزە ئەمنییەکانمان". 

هەروەها باسی لەوەی کرد "فاکتەرێکی دیکەی گرنگ لەبواری گەشتیاری، هەبوونی وەبەرهێنەری بەتوانایە بۆ دانانی پرۆژەی گەشتیاری بە بیرۆکەی نوێ و سەردەمیانە کە ببێتە هۆی سەرنج راکێشانی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان".

 

هەر بەشداربوونی کۆمپانیاکان دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان و ئاگاداربوونی زیاتر لە نوێکارییەکان لە کەرتەکەدا.

بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو تەنیا دوو رۆژ پێش جەژنی نەورۆز 76 ھەزار گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو کۆتایی مانگی ئاداریش ژمارەکە گەیشتووەتە 234 ھەزار گەشتیار. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی ئەم پێشانگەیە پلانی هەیە سەرنجی گەشتیاری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشێت و ئەمساڵ سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە