رووداو دیجیتاڵ
بانکی گۆڵدمان ساکس، یەکێک لە ناوەندە گەورە داراییەکانی جیهان پێشبینی دەکات لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەرز نەکاتەوە.
جگە لە بابەتی سوودی بانکی، گۆڵدمان ساکس پێیوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە خەمڵاندنەکانی بۆ گەشەی ئابووریی ئەمریکا بەرز دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی هەڵاوسان لە ساڵی 2023دا لە ئەمریکا بەراورد بە ساڵی 2022 دابەزیوە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە ئەمریکا زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرز کردووەتەوە و گەیاندوویەتیە 5.5% کە بەرزترین ئاستیەتی لە 22 ساڵی رابردوودا.
رۆژی چوارشەممە لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
گۆڵدمان ساکس دەڵێت، لەم مانگەدا پێشبینی دەکات بانکی ناوەندی سوودی بانکی بەرز نەکاتەوە، بەڵام بۆ مانگی 11 کە جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی پەیوەستە بە داتا ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە بازاڕی کار و رەوشی ئابووری.
پێشتر بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ