یەک ئۆنسە زێڕ بە 3680 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نرخی زێڕ توانیی رۆژی سێشەممە 3700 دۆلار دەرباز بکات، ئەمڕۆ چوارشەممە هەندێک لە قازانجەکانی بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 3680 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە نزیکەی 3703 دۆلار. نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3716 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەیشتنی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 3700 دۆلار، کە بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار روویدا، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی رەنگە لەوە بەدواوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو کەمکردنەوەی سوودی بانکی بڕوات."
ئەو شارەزایە دەڵێت، "هەرچەندە ئەمڕۆ نرخی زێڕ لەبەر پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە دابەزیوە، بەڵام ئەگەر تۆنی دەنگی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە چەشنێک بێت کە ئاماژە بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگەکانی داهاتوودا بکات، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ دەتوانێت ئاستێکی نوێ لە بەرزبوونەوە تۆمار بکات."
رۆژی سێشەممە پێنوێنی دۆلار دابەزی بۆ کەمترین ئاستی دوو مانگی رابردووی خۆی، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای دۆلار بە ریژەی 0.1% بەرزبووەتەوە، کە دابەزینی نرخی زێڕی لێکەوتووەتەوە.
گەورەترین سندووقی وەبەرهێنان لە زێڕدا کە بە SPDR ناسراوە، رایگەیاندووە، یەدەگی زێڕی سندووقەکە بە رێژەی 0.32% بەرزبووەتەوە بۆ 979.95 تۆن، ئەوەش هێمایەکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کانزای زەرد.