رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمشەو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەبارەی رێژەی سوود بدات و زۆرینەی پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەکە 0.25% کەم بکرێتەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 21:00ی ئەمشەو دەبێت بەکاتی هەولێر. دواتر کاژێر 21:30 جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باس لە بڕیارەکە و پێشبینییە ئابوورییەکانی بانکەکە دەکات، قسەکانی دەکرێت ئاماژەی گرنگیان تێدا بێت لەبارەی ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا. ئەمەش کاریگەریی لەسەر بازاڕە داراییەکان دەبێت.
د. ئازاد گەیلانی، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "تەواوی بازاڕ پێشبینیی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25% [50 خاڵی بنەڕەتی] دەکات. ئەمەش پەیوەستە بە راپۆرتەکانی بازاڕی کار و هەڵاوسانی ئابووری."
ئازاد گەیلانی ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک جار بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری چاوەڕواننەکراو دەدات. ئەو دەڵێت، "پێم سەیر نییە ئەگەر [رێژەکە] 50 خاڵیش دابەزێندرێت، بەڵام لەو باوەڕەدام ئەگەر شتێکی وا رووبدات، دابەزینێکی زۆر بەهێز لە بازاڕدا دروست دەبێت و ترسێکی گەورە بازاڕ دادەگرێت."
هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەلایەن لیژنەیەکەوە دەدرێن و جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە بە تەنیا بڕیاردهر نییه. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش لە هەوڵی ئەوەدایە سوود لە دۆخەکە وەرگرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی پێناسە گومرگییەکانی.
بەگشتی، دابەزاندنی سوودی بانکی دەبێتە هۆی زیادبوونی نەختینە لە بازاڕدا، کە کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی وەک دراوە دیجیتاڵییەکان، پێنوێنەکان و زێڕ دەبێت و نرخەکانیان بەرزدەبێتەوە. د. ئازاد دەڵێت، "سرووشتییە کاتێک خستنەڕووی کاڵایەک زۆر بێت، واتە کاتێک بڕێکی زۆری دۆلار دێتە نێو بازاڕەوە، بەهای دۆلار دادەبەزێت."
رێژەی سوود چییە؟
رێژەی سوودی بانکی ئەو پارە زیادەیەیە کە بانک دەیخاتە سەر پارەکەت، ئینجا بە راکێشانی پارە بێت یان دانانی لە بانک. بە واتەیەکی دیکە، بەپێی ئەو رێژەی سوودەی لە هەر وڵاتێک هەیە، پارەکەت لە بانک پارەی دەچێتە سەر و راشیبکێشیت، لێت وەردەگیرێت.
ئێستا رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا 4.25% بۆ 4.50%یە، واتە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی لە بەرامبەر دانانی هەر 100 دۆلارێک لە بانکەکانی وڵاتەکەی، 4.25 بۆ 4.50 دۆلار زیادە وەردەگرێت و دەچێتە سەر پارەکەی.
لە بەرامبەریشدا ئەو رێژەیەی لێوەردەگیرێت لە بەرامبەر قەرز یان راکێشانی پارەکەی.
ئامانجی حکومەت و بانکی ناوەندی لەمەدا کۆنترۆڵکردنی خستنەڕووی دۆلارە.
کاتێک رێژەی سوود کەمدەکرێتەوە، واتە راکێشانی زیاتری پارە و دانانی کەمتر. ئەمە واتە هاتنی دۆلاری زیاتر بۆ نێو بازاڕ و دابەزینی نرخەکەی. دابەزینی نرخی دۆلاریش واتە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
لە بنەڕەتدا رێژەی سوود کاتێک زیاد دەکرێت، کە هەڵاوسان بەرز بێت.
کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ و قەرزەکانی ئەمریکا
سەبارەت بە زێڕ، د. ئازاد گەیلانی پێشبینی دەکات لە مەودای درێژخایەندا نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت و دەرفەتی باشی کڕینی دەستبکەوێت و دەڵێت، "لەو باوەڕەدام نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە تاوەکو دەگاتە 3,700 دۆلار و دواتریش بۆ 4,000 دۆلار."
گەیلانی دەڵێت، بەڵام لە مەودای کورتخایەندا، بازاڕەکان رووبەڕووی ناجێگیری دەبنەوە، بە تایبەتی بازاڕەکانی وەک ناسداک و S&P 500 کە گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیان. هۆشداریشی دا لە شڵەژانی بازاڕی قەواڵە داراییەکان ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدات و لەژێر کاریگەریی سیاسیدا بێت.
د. ئازاد گەیلانی ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی چین دا لە بازاڕی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا. چین خاوەنی نزیکەی 800 ملیار دۆلارە لە قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "کاتێک ئەمریکا داوای قەرز دەکات، واتە قەواڵە داراییەکانی دەخاتە بازاڕەوە. ئەگەر چین وەک کڕیارێک ئامادە نەبێت بۆ کڕینی ئەو قەواڵانە، ئەوا تەواوی بازاڕ تووشی شڵەژان دەبێت."
د. گەیلانی پێشبینیش دەکات ئەم ساڵ یەک یان دوو جار دیکە رێژەی سوودی بانکی کەم بکرێتەوە و هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیشی گەڕاندەوە بۆ کڕینی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، کە بۆ پاراستنی یەدەگی خۆیان لە دابەزینی بەهای دۆلار ئەو کانزا ستراتیژییە دەکڕن.
پسپۆڕێکی دراوە دیجیتاڵییەکان: قەرزی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە و کاریگەری لەسەر دراوە دیجیتاڵییەکان دروست دەکات
جگە لە زێڕ، کاریگەریی بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا باڵ بەسەر بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکانیشدا دەکێشێت.
د. فەرهەنگ مەغدید، پسپۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان ئاماژەی بە هەڵکشانی خێرای قەرزەکانی ئەمریکا کرد و گوتی، "مانگی رابردوو 35 تریلیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەم مانگە (ئەیلوول) گەیشتووەتە 37 تریلیۆن دۆلار." ئەمەش وایکردووە ئەمریکا روو لە سیاسەتی "سووککردنی چەندایەتی" (Quantitative Easing) بکات.
ئەو دەڵێت، کەمکردنەوەی سوودی بانکی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاووڵاتیی ئەمریکی و بازاڕی ئەو وڵاتە دەبێت، چونکە بڕی 37 تریلیۆن دۆلار بڕێکی زۆر گەورەیە و نەختینەیی لە بازاڕەکانی جیهاندا کەم دەکاتەوە ئەگەر بگەڕێندرێتەوە بۆ بانکی فیدراڵی.
قسەکانی ئەو دوو پسپۆڕە لەکاتی بەشداریکردنیان بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
کاریگەری لەسەر دراوە دیجیتاڵییەکان
د. فەرهەنگ مەغدید ئاماژەی بەوەدا، کاریگەریی کەمکردنەوەی سوود زیاتر لەسەر دراوە دیجیتاڵییەکان دەبێت، وەک بیتکۆین و ئیسیریۆم.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "پێش ساڵی 2019، ئەم جووڵە ئابوورییانە کاریگەرییان لەسەر جیهانی دراوە دیجیتاڵییەکان نەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، "چونکە کۆمپانیا و وەبەرهێنەری گەورەی وەک بلاکڕۆک لە کەرتی دراوی دیجیتاڵیدا کار دەکەن و سندووقی ئاڵوگۆڕ [ETF]ـیش دامەزراون.
د. فەرهەنگ پێی باش نییە سوودی بانکی بە رێژەی 0.50٪ [50 خاڵی بنەڕەتی]دابەزێنرێت، چونکە ئەو رێژەیە زۆرە و دەبێت جووڵەی ئابووری لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بێت و بازدانی گەورەی تێدا روونەدات. ئەمەش وادەکات نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان زیاتر بکەوێتە بەردەستی خەڵک و متمانەی پێی زیاد بکات.
د. فەرهەنگ پێیوایە گۆڕانکارییەک لە ئارادایە و ئابووریی جیهان بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی دەچێت، بە تایبەتی بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان، چونکە دۆلار لە دۆخێکی خراپدایە. "کاتێک خەڵک باس لەوە دەکات کە نرخی خانووبەرە و دراوی دیجیتاڵی بەرزبووەتەوە، لە راستیدا ئەوە بەهای دۆلارە کە دابەزیوە."
مەترسییەکانی ''نەهەنگەکان'' و پێشبینییەکانی داهاتوو
د. فەرهەنگ مەغدید هۆشداریی لە کاریگەریی نەهەنگەکان [حوتەکانی بازاڕ]، کە بە مەبەست بڕێکی زۆر لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەفرۆشن بۆ دابەزاندنی نرخەکان و دواتر بە نرخێکی کەمتر دەیکڕنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ناجێگیری لە بازاڕدا.
بەپێی شیکارییە مێژووییەکان، مانگی ئەیلوول بە گشتی مانگێکی نالەبارە بۆ زۆربەی پشکەکان و دراوە دیجیتاڵییەکان، بەڵام بۆ زێڕ باشە و نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
د. فەرهەنگ مەغدید دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەیلوولدا نرخی زێڕ بگاتە 4000 دۆلار و لە سێ مانگی داهاتووشدا بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای دۆلار و زیادبوونی قەرزەکانی ئەمریکا بگاتە 5000 دۆلار.
د. مەغدید گوتی: "بانکە ناوەندییەکان، بەتایبەتی لە ئاستی جیهاندا، زیاتر گرنگی بە کڕینی زێڕ دەدەن نەک دۆلار."
لە کۆتاییدا د. فەرهەنگ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا، بازاڕی زێڕ سێ جار گەیشتووەتە لووتکە، بەڵام هەرگیز بەرزبوونەوەی وەکو ئەمساڵی بەخۆیەوە نەبینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ