لە چوار ساڵدا 4.8 ملیار دینار لە هاوردەكردنی ماتۆڕدا بەفیڕۆ چووە
رووداو – هەولێر
لە دوای جەژنی رەمەزانەوە، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی "ماتۆڕسكیلە نایاساییەكان" بە چڕی دەستیپێكردووە، بە جۆرێك تەنیا لە شاری سلێمانی دەست بەسەر 400 ماتۆڕسكیلدا گیراوە. بەپێی بەدواداچوونی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستانیش، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 4 ملیار و 752 ملیۆن دینار لە هاوردەكردنی ماتۆڕسكیلدا بەفیڕۆ چووە.
هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونی بۆ پرسی ئەو ماتۆڕسكیلانە كردووە كە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆوە لەنێوبراون.
بەپێی بەدواداچوونی ئەو پەرلەمانتارە، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 8 هەزار ماتۆڕسكیل لەناوبراون. ئەگەر هەر دانەیەك لەو ماتۆڕانە بە 600 هەزار دینار بووبێ "كە تێیاندایە زۆر لەو نرخە گرانترە". ئەوا پارەكەی دەكاتە 4 ملیار و 800 ملیۆن دینار.
هاوڕێ مەلا ستار روونیدەكاتەوە "ئەگەر ئەو ماتۆڕسكیلانە وەك ئاسنەشكاو بفرۆشرێنەوە و هەر یەكێك لەوانە 50 كلیۆش بێت، ئەوا دەكاتە 400 تۆن ئاسن، ئەگەر تۆنی بە 100 دۆلاریش بفرۆشرێتەوە، پارەكەی دەكاتە تەنیا 48 ملیۆن دینار، بۆیە دەڵێت: "بەو جۆرە بە بڕیارێكی حكومەت، 4 ملیار و 800 ملیۆن دینار كراوەتە تەنیا 48 ملیۆن دینار، واتە هەرێمی كوردستان زیانی 4 ملیار و 752 ملیۆن دیناری پێگەیشتووە".
سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیاز دەكات هەرچی زووە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەنێوان وەزارەتەكانی ناوخۆ، دارایی و گواستنەوە و گەیاندن بكرێت بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە و دەڵێت "ناكرێت ئەم نەزیفی پارە بەفیڕۆدانە چیدی بەردەوام بێت، تاوەكو كەی هەندێك بەناو بازرگان، بە قاچاخ ماتۆڕسكیل بێنن و كوڕی فەقیر بیانكڕێت و دواجار بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ بیانكەنە ئاسنە شكاو!".
زۆربەی ئەو ماتۆڕسكیلانەی بە قاچاخ دەهێنرێنە كوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ تۆمار ناكرێن، بۆیە كاتێك دەكەونە نێو مەفرەزەكانی هاتوچۆ، وەكو ماتۆڕسكیلی قاچاخ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ و دەستیان بەسەردا دەگیرێ و پاشان پاندەكرێنەوە.
فەریدوون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، ئەوەی ئێستا ئەوان دەیكەن كە پانكردنەوەی ماتۆڕسكیلەكانە، چارەسەری بنەڕەتی نییە: "دەبێت ماتۆڕسكیلەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان تۆمار بكرێن". بەڵام لەوەشدا وەك ئەو روونیدەكاتەوە گرفتێك هەیە، تۆماركردنی ماتۆڕسكیلێك بەپێی ئەو رێنماییەی ئێستا هەیە، نزیكەی 500 هەزار دیناری پێویستە، بۆیە دەڵێت: "پێویستە رێنماییەكانی تۆماركردنی ماتۆڕسكیل گۆڕانكاری بەسەردا بێت، چونكە زۆربەی ئەو ماتۆڕسكیلانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەن، نرخەكەیان هەر نزیكەی 500 هەزار دینار دەبێت، ئێ چۆن دەبێت نرخی تۆماركردنەكەشی 500 هەزار دینار بێت! جگە لەوە ئێمە كە ماتۆڕسكیلێك دەگرین، دەبێ خاوەنەكەی یەك ملیۆن دینار غەرامە بدات، ئینجا ماتۆڕەكەی دەدرێتەوە، بۆیە كەس ئامادە نییە ئەو پارەیە بدات، چونكە بەو پارەیە دوو ماتۆڕسكیل دەكڕێت".
بۆیە پێشنیاز دەكات تۆماركردنی ماتۆڕسكیلێك لە 50 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
فەریدوون عومەر، باس لەوەش دەكات كە تەنیا لەماوەی هەفتەیەكدا دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 400 ماتۆڕسكیلدا و چاویشیان لەوانەش پۆشیوە كە ماتۆڕسكیلەكانیان بۆ كاسپی بەكاردەهێنن. دەشڵێت: "ئێستا لە گەراجی دەستبەسەرداگرتندا 1440 ماتۆڕسكیلمان هەیە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردووشدا 1895 ماتۆڕسكیلمان لەناو بردووە".
فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، بۆ گرفتی ماتۆڕسكیلەكان پێشنیازی خۆی داوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆو و وەزارەتی ناوخۆ. پێشنیازەكەشی ئەوەیە: "دەكرێت چەند كۆمپانیایەك لەلای وەزارەتی ناوخۆ خۆیان تۆمار بكەن، ئەو كۆمپانیایانە كاریان هێنانی ماتۆڕسكیلی كواڵیتی بەرزبێت، ماتۆڕسكیلەكانیش تەنیا بەو كەسانە بفرۆشن كە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیلیان هەیە، بەوەش كێشەی ماتۆڕسكیلەكان تاوەكو رادەیەكی باش چارەسەر دەبێت".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا 176 رووداوی هاتوچۆ بەهۆی ماتۆڕسكیلەوە روویانداوە، بەو هۆیەوە 16 كەس مردوون و 179 كەسیش برینداربوون.