رووداو دیجیتاڵ
زیادکردنی سەرمایە، باجی ساڵانە، پشکى بانکەکان، تێکەڵکردن و یەکلاییکردنەوەی 43 بانکی سزادراوى عێراق لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی بانکیی عێراقدا ناکۆکی دروست دەکات. کۆمەڵەى بانکە ئەهلییەکانى عێراق دەڵێت، ناتوانن تەواوی داواکارییەکان جێبەجێ بکەن. سەرۆکوەزیران لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنى پێکدەهێنێت و بانکی ناوەندییش نێوەندگیرییان دەکات لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەمریکی کە ئەو کارەی پێ سپێردراوە.
کۆتایی ئەم ساڵ، دوا وادەیە بۆ ئەو گوژمە چاکسازییەی کە بانکی ناوەندی خستوویەتییە بەردەم بانکەکان، کە لەسەر پێشنیازی کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانی ئەمریکی ئامادە کراوە.
ئەو پلانە بۆ ئەوەیە کە بانکەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کار بکەن و دووربن لە مەترسیی سزادان. چاکسازییەکان بەشێکیان شێوازی کارکردنی دامەزراوەییانەیە، ئەوی دیکەیان پەیوەستە بە پەیکەری بەڕێوەبردن و بڕی سەرمایەکانیان.
31ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دیاریکراوە وەک دوا وادە بۆ بانکەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە، بەڵام هەندێک لە رێکارەکان پێویستە لەلایەن بانکەکانەوە تاوەکو 31ی ئابی 2025 کرابن.
سەرەکیترین رێکار ئەوەیە سەرمایەى بانکەکان بگەیێنرێنە 400 ملیار دینار و هاوبەشێکی دیکە بۆ بانکەکە بدۆزرێتەوە و خەرجیی ساڵانەش 22.4 ملیۆن دۆلار بێت بۆ ماوەی چوار ساڵ. ئەگەر نا، بانکەکە لەگەڵ چەند بانکی دیکە یەکبگرن و هاوبەشێکی دیکە کە پێویستە بیانی بێت بەشداریی پێبکرێت و 1.2 ملیۆن دۆلار وەک خەرجیی ساڵانە بۆ ماوەی چوار ساڵ دیاری بکەن.
ئەو پرسە کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراقی رووبەڕووی کێشە کردووەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەیدا.
بەگوێرەی نووسراوێک کە وەدیع حەنزەل، سەرۆکی کۆمەڵەکە، لە 3ی ئاب ئاراستەی بانکی ناوەندی عێراقى کردووە، تێبینیی خۆی لەسەر ئەو پلانە چاکسازییە خستووەتەڕوو، بەوەی هەندێک لەو داواکارییانە "لەگەڵ ژینگەی بانکیی ناوخۆیی ناگونجێت".
بەگوێرەی نووسراوەکە کە کۆپیەکى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، داواکاریی بەرزکردنەوەی سەرمایەی بانکەکان بۆ 400 ملیار دینار ئەستەمە، بەهۆی بێتوانایی ئەو بانکانە لە فرۆشتنی پشکەکانیان. هەروەها دەڵێت: "پێویستیی بوونی هاوبەشێکی ستراتیژیی بیانی مەرجێکی زۆر قورسە، چونکە زیاتر لە 43 بانکی سزادراو یان سنووردارکراو هەن لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، کە بەهۆی ئەو کۆت و بەندانەی کە خراونەتە سەریان. ناتوانن ئەو مەرجە جێبەجێ بکەن."
ئەم هەنگاوانەی کە کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق تێبینیی لەسەر داوە، دەبێت تاوەکو 31ی ئابی 2025 لەلایەن بانکەکانەوە ئەنجامبدرێت.
ئەحمەد هاشمی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تێبینییەکانمان داوەتە بانکی ناوەندیی عێراق و ئەویش لەگەڵ کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمان تاوتوێی دەکات، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە."
یەکێک لەو خاڵانە دیکەی چاکسازییە بانکییەیە کە کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق تێبینیی لەبارەیەوە هەیە، دۆخی ئەو 43 بانکەیە کە لە فرۆشتنی دۆلار سزادراون.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئەو بەڵگەنامانەی کە لەم دەستپێشخەرییەدا هاتوون، نیمچە ئەستەمن و هەڕەشە لە زیاتر لە 43 بانکی عێراقی دەکەن و ئاراستەیەکی زیانبەخشن بۆ کەرتی بانکیی عێراق."
جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق گوتی: "دەمانەوێت پلانی چاکسازیی بانکەکان بە شێوەیەک بێت کە ژینگەیەکی گونجاوی بانکی لە عێراق بڕەخسێنێت."
پشکی خاوەندارێتیی بانکە تایبەتەکان، بەربەستێکی دیکەی بەردەم ئەنجامدانی ئەو چاکسازییەیە. سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی، بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی ئەو چاکسازییە بانکییە، نابێت پشکی خێزانێک لە بانکێکدا 10%ی پشکەکانی تێپەڕێنێت."
کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لە نووسراوەکەیدا تێبینیی لەسەر ئەو پرسە داوە و دەڵێت: "پێوەرەکانی پشکداری وایە کە نابێت پشکی کەسە نزیکەکان تاوەکو پلە چوار 10% تێپەڕ بکات و بانکی ناوەندی بۆی هەیە رێژەکە بکاتە 20%. لەبەر ئەوە، کێشەی گەورە دروست دەبێت لە شێوازی فرۆشتن یان سازشکردنی وەبەرهێنەرانی ئێستا لە خاوەندارێتیی پشکەکان."
بۆ چارەسەری ئەو پرسە، 10ی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکیی لەنێوان بانکە تایبەتەکان و بانکی ناوەندی دا بۆ پێداچوونەوە بە رێکارەکانی پلانی چاکسازیی بانکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ