دوای هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

هاوکات لەگەڵ تووندبوونەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 2% بەرزبووەوە. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ 1937 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18-10-2023 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 7 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 91 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2 دۆلار و 26 سەنت بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێک بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدا، بازاڕەکان رووبەڕووی نادڵنیایی و ناجێگیری بوونەوە.

ڤیڤیک زار، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە بانکی (کامن وێلس)ی ئوسترالیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دوای ئەوەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی فەلەستین و میسر لە ئوردن هەڵوەشێندرایەوە، هیوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ چارەسەری قەیرانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کاڵ بووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکان داناوە."

بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، ئەگەری هێرشی زەمینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ناو خاکی غەززە، شەڕی نێوان دوو لایەن دەباتە ئاستێکی ناوچەیی و ئەگەری هەیە ئێران لەو کاتەدا تێوەبگلێت، لە ئەگەری روودانی ئەو سیناریۆیەدا، نرخی نەوتی برێنت بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە بڕی 4.4 ملیۆن بەرمیل هەروەها هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتە.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1937 دۆلار بەرزبووەوە

نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئەو سامانەی کە وەبەرهێنەران لەکاتی شەڕ و بێ متمانەیی رووی تێدەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی یەکەم لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 1922 دۆلارەوە بۆ 1937 دۆلار بەرزبووەوە.

بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە کە داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا ئاماژە بە بەهێزیی مانەوەی هەڵاوسان لەو وڵاتە دەدەن و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هێشتا ئەگەرێکی کراویە.

سبەی پێنجشەممە 19-10-2023 بڕیارە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش بکات سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و پێشبینی دەکرێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر ئاراستەی بازاڕەکان دابنێت.

لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووریی چین لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە پاڵپشتیی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

بەپێی نووسینگەی ئاماری فەرمیی چین، گەشەی ئابووریی چین لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە بۆ 4.9% و ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ کانزای زەرد.