رووداو دیجیتاڵ
هۆشداریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەبارەی کەمیی سووتەمەنی لە ئەڵمانیا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، ترسی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئەورووپا و بەتایبەتی ئەڵمانیا زیاد کردووە.
کاتارینا رایخە، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا ناچار بووە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی رێکبخات.
میدیای ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە 19-4-2026 بڵاویانکردەوە، کاتارینا رایخە رایگەیاندووە، ئەوان رووبەڕووی تەنگژەی کێرۆسین (بەنزینی فڕۆکە) نابنەوە، چونکە ئەو بەرهەمە نەوتییە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی فڕۆکەوانی کۆدەبێتەوە.
"رەنگە لە مانگی ئایاردا سووتەمەنیی فڕۆکە نەمێنێت"
فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە پاریس، پێش چەند رۆژێک هۆشداریی دابوو کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە، رەنگە سووتەمەنیی فڕۆکە لە سەرتاسەری ئەورووپا کەم ببێتەوە.
لارس کلینگبایل، وەزیری دارایی ئەڵمانیا رەخنەی لە وەزیری ئابووری گرتووە کە هۆشدارییەکانی بە جیدی وەرنەگرتووە و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری "شپیگڵ" گوتوویەتی: "پێویستە هۆشدارییەکانی کەمیی سووتەمەنی زۆر بە جیدی وەربگرین."
کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی داوای مامەڵەی تایبەت دەکات
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی بارهەڵگری ئاسمانیی ئەڵمانیا (ACD) داوای لە بەرلین کردووە ئەگەر سووتەمەنی کەم بووەوە، دەبێت وەک پێشینەی کار، سووتەمەنی بۆ فڕۆکە بارهەڵگرەکان دابین بکرێت.
کریستۆفەر شتۆلەر، سەرۆکی رێکخراوەکە بە میدیای "وێڵت"ـی راگەیاند: "کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی جیهانی و بەرهەمهێنانی پیشەسازین."
"رێکار بۆ کەمیی سووتەمەنی دەگرینەبەر"
گوتەبێژێکی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا رایگەیاند، بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ئاشکراشی کرد، حکومەت جگە لە ئازادکردنی یەدەگی نەوتی خاو و دیزڵ، 50 هەزار تۆن سووتەمەنیی فڕۆکەشی خستووەتە بازاڕەوە بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە. "ئەگەر تەنگژەی سووتەمەنیی دروست بێت، رێکاری دیکە دەگرینەبەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ