ئەحمەد حاجی رەشید: ژمارەكانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق وەهمین

19-10-2015
فەرمان حەسەن
نیشانەکردن ئەحمەد حاجی رەشید
A+ A-

رووداو- هەولێر

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رەخنە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2016 دەگرێت و رایدەگەیێنێت كە ژمارەكانی تاڕادەیەكی زۆر وەهمین.دەشڵێت تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەرنەبڕیوە رۆژانە 550 هەزار بەرمیل رادەستی حكومەتی عێراق بكات.


لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆ رووداودا، ئەمڕۆ دووشەممە 19 ی تشرینی یەكەمی 2015، ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پەسندكردنی بودجەی 2016 لەلایەن حكومەتی عێراق، رایگەیاند، كە ئەو ژمارانەی ئاماژەیان پێكراوە، تاوەكو رادەیەكی زۆر وەهمین و لە واقعدا جێگەیان نابێتەوە.

ئەحمەد حاجی رەشید زیاتر گوتی" لە بودجەدا ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت رۆژانە هەرێمی كوردستان 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبكات، لەكاتێكدا هێشتا هەولێر رەزامەندی دەرنەبڕیوە، جگە لەوەش نرخی نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێندنراوە، لەكاتێكدا نرخی نەوت جێگیرنییە و ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی خامی برنت بە 49 دۆلارە، عێراقیش بەرمیلێك نەوت بە 42 بۆ 43 دۆلار دەفرۆشێت".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پێشبینی دەكات بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا، نرخی نەوت زیاتر داببەزێت، بەو پێیەی ئێستا ئێران لە عەمبارەكانی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگیراوی هەیە و بە جێبەجێكردنی رێَكەوتننامەكە، دەبێـتە یاریكەرێكی سەرەكی نەوت.

دوێنێ یەكشەممە 18 ی تشرینی یەكەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتتنێكی نائاساییدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2016ی پەسەندكرد و بڕیارە هەفتەی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەربكرێت، لە پڕۆژەكەدا لەبەرامبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل رادەستی حكومەتی عێراق بكات، 17% ی بودجەی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە. بەپێی پڕۆژەكە خەرجی ساڵێك 106 ترلیۆن دینارە، داهاتیش 83 ترلیۆنەو نزیكەی 23 ترلیۆن كورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2016 دا هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە