رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بەسەر داعشدا راگەیاند، کێشەیەکی نوێ رووبەڕووی عێراق بووەوە کە هەڵپەساردنی ئەندامێتی عێراق بوو لە رێکخراوی دەستپێشخەری شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە سێکتەری نەوت و گازدا، ئەمەش گەڕانەوەی عێراق دەگەیەنێت بۆ لیستی 10 گەندەڵترین وڵاتانی جیهان.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق پابەندی جێبەجێکردنی 22 خاڵی شەفافییەت نەبووە لە سێکتەری نەوت و گازدا، شارەزایانی ئابووریش دەڵێن، هەڵپەساردنی ئەندامێتی عێراق لە دەستپێشخەری شەفافیەت، هەوڵەکانی 10 ساڵی رابردووی عێراق بۆ شەفافکردنی سێکتەری نەوت لەناودەبات.
لە ساڵی 2012 عێراق بووە ئەندامی هەمیشەیی لە رێکخراوی دەستپێشخەری شەفافیەتی نێودەوڵەتی، حکومەتی ریاز ئەوکات بوونی عێراق بە ئەندامێکی هەمیشەیی لە رێکخراوەکەدا بە رووداوێکی مێژوویی ناوبرد، چونکە پردی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتداران دروستدەکات کە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی عێراق بەڕێوەدەبەن، عێراق بە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت دادەنرێت لەنێو ئەندامانی رێکخراوەکەدا.
بەپێی توێژینەوەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە لە مانگی ئاداری ساڵی 2012 ئەنجامیدا سەبارەت بە بەفیڕۆدان و خراپی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی نەوت ، دەرئەنجامی توێژینەوەکە دەرکەوت کە بەهۆی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت، عێراق لە ساڵی 2011ـەوە تا ساڵی 2014 بڕی 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە.
عەدنان جەنابی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بوونی گەندەڵییەکی زۆر و خراپی بەڕێوەبردنی سێکتەرەکانی نەوت و گاز و بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا بووە هۆکاری کە لەساڵی 2006ـەوە تا ئەمڕۆ زیانی زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلار بە ئابووری عێراق بگات، ئەمەش 10هێندەی دەستکەوتەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقە کە بەدەستیهێناوە.
لەگەڵ ئەوەی کابینەی پێشوو سوور بوو لە ئەندامبوونی عێراق لەو رێکخراوە، بەڵام لە کابینەی ئێستای حەیدەر عەبادی ساردی پێوە دیارە سەبارەت بە سڕکردنی ئەندامێتی عێراق لە رێکخراوەکەدا .
لەگەڵ بەردەوامی بێدەنگی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەو سڕکردنە، رێکخراو و کەسەیاتییەکانی تایبەتمەند بە بواری شەفافییەت رەخنە لە عێراق دەگرن و دەڵێن حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لەپێدانی زانیاری پێویست لەبارەی سێکتەری نەوت و گاز.
لە بەرامبەریشدا ئەندامێکی دامەزراوەی نەهرێن بۆ پاڵپشیکردنی شەفافیەت و دەستپاکی ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە لە عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کە کەمتەرخەمبوون لەپێدانی زانیاری پێویست بە رێکخراوەکە بۆ ئەوەی ئەندامێتی عێراق هەڵنەپەسێرن.
رێکخراوەکە دەڵێت، راپۆرتەکانی عێراق زانیاری تەواوی تێدا نییە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، هەروەها عێراق لە راپۆرتەکانیدا بەڕوونی ئاماژەی بە ئاستی بەرهەمێنانی نەوتی نەداوە، حکومەتەکەی عەبادیش هیچ هاوکارییەکی رێکخراوی شەفافیەتیان نەکردووە لە پێدانی زنیاری پێویست.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ