راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان: گومان لە رێککەوتنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی هەیە

19-12-2023
رێناس سەڵاح
هومام شەمماع، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی و راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان.
هومام شەمماع، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی و راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان دەڵێت، "گومان لە رێککەوتنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی هەیە" و لە راگەیێندراوی بانکی ناوەندیی عێراق باسی ئەو بڕە دۆلارە کاشە نەکراوە کە ئەمریکا رەزامەندی داوە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ عێراقی بنێرێت.
 
هومام شەمماع، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی و راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار پەیوەستە بە کۆبوونەوەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بانکی فیدراڵی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە گوێرەی زانیارییەکان ئەمریکا رازی بووە بە گوێرەی پێویست دۆلاری کاش بە عێراق بدات، بەڵام بڕەکە دیار نییە.
 
راوێژکاری بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان دەشڵێت، "بازاڕی دراو لە عێراق لە سەر بنەمای زانیاری و داتا نییە بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو لێدوانانەیە کە دەدرێن، بۆیە بەبێ بوونی داتایەکی دروست بازاڕەکانی دراو لە چەند رۆژی رابردوو تووشی ناجێگیری بوون و بەهای دینار بەرزبووەوە."
 
رۆژی 14-12-2023 بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد لە گەڵ بانکی فیدراڵی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە دووبەی کۆبوونەتەوە و ئەمریکا رەزامەندی نیشان داوە بە گوێرەی پێویستی عێراق ساڵی 2024 دۆلاری کاش بۆ بانکی ناوەندی بنێرێت.
 
راوێژکارەکەی بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان بە گومانە لە راگەیێندراوەکەی بانکی ناوەندی و دەڵێت: "گومانم هەیە ئەمریکا تەواوی پێویستیی عێراق بە دۆلاری کاش دابین بکات، زۆربەی دۆلاری کاش لە عێراقەوە دەچێتە ئێران، بۆیە دۆلاری عێراق رۆڵی سییەکانی ئێران دەبینێت، بۆیە ئەستەمە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکان بگاتە 132 هەزار دینار تاوەکو ئێران و عێراق بەو قەبارەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بەردەوام بێت."
 
بە گوێرەی داتاکانی گومرگی ئێران، لە هەشت مانگی رابردوودا بایی 6 ملیار و 23 ملیۆن دۆلار کاڵا لەو وڵاتەوە هەناردەی عێراق کراوە. بەوپێیە مانگانە بایی 750 ملیۆن دۆلار کاڵا لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
 
لەبارەی ئەوەی ئەمریکا چۆن رەزامەندی دەدات بە زیادکردنی دۆلاری کاش بە عێراق کە پێشتر رژد بووە لەسەر ئەوەی کە دۆلار بەکاش لە عێراقەوە نەبرێتە ئێران، هومام شەمماع گوتی، "پرسی دۆلار لە عێراق بە سیاسی کراوە، سوودانی و مالکی بەڵێنیان بە ئەمریکا داوە سنوورێک بۆ چوونی دۆلاری کاش بۆ ئێران دابنێن، ئەمریکا دوو سیاسەت لە عێراق پەیڕەو دەکات، سیاسەتی نەرم؛ کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق پەیڕەوی دەکات، لەگەڵ سیاسەتی تووند؛ کە پێشتر وایکرد بەهای دینار زۆر دابەزێت و دۆلاری کاشی لە عێراق کەمیکردەوە. 
 
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ ئەمڕۆ بە بەرزی مایەوە 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 154 هەزار و 150 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە