رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دەداتە خەڵک کە چاودێریی وردی نرخەکان دەکەن و رێگری لە هەر هەوڵێکی قۆرخکاری دەکەن. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، پاراستنی بژێویی خەڵک لە پێشینەی کارەکانیانە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دۆسیەی نرخەکان و دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان کاری لەپێشینەی وەزارەتە. گوتیشی: "رۆژانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان، جووڵەی بازاڕ و ئاستی نرخەکان رادەگەیێنرێت بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی بێ پاساو بکرێت."
سەبارەت بە گرانبوونی هەندێک لە پێداویستییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چەند هۆکارێکی باسکرد، لەوانە: گۆڕانکاریی نرخ لە بازاڕەکانی جیهان، بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و بارکردن، زیادبوونی خواست لە هەندێک وەرزدا و هەوڵی هەندێک بازرگان بۆ قۆرخکاری و سوودوەرگرتن لە بارودۆخەکە.
محەممەد حەنوون دەڵێت: "رێگەی چەند هەنگاوێکەوە رووبەڕووی گرانی دەبینەوە، ئەوەش بە دابینکردنی بەردەوامی پشکی خۆراکی مانگانە، زیادکردنی کۆگای ستراتیژیی گەنم، برنج و رۆن، هەروەها کردنەوەی بازاڕی گەورە (Hypermarkets) بۆ فرۆشتنی کاڵاکان بە نرخی گونجاو و راستەوخۆ بە خەڵک."
گوتەبێژی وەزارەت هۆشداری دەداتە قۆرخکاران و دەڵێت، تیمە چاودێرییەکان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان رۆژانە لە بازاڕ و کۆگاکانن، هەر بازرگانێک یاری بە نرخ بکات یان کاڵا قۆرخ بکات، رووبەڕووی سزای دارایی، داخستنی شوێن و رەوانەکردنی بۆ دادگە دەبێتەوە. جەختیشی کردەوە "هیچ کەمتەرخەمییەک بەرامبەر ئەوانە ناکەین کە یاری بە قوت و بژێویی خەڵکەوە دەکەن."
لەبارەی پلانی چەند مانگی داهاتوو، محەممەد حەنوون گوتی، وەزارەتی بازرگانی کار دەکات بۆ باشترکردنی جۆری کاڵاکانی ناو فۆڕمی خۆراک و دابینکردنی هاوکاریی زیاتر بۆ ئەو خێزانانەی داهاتیان کەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ