رووداو دیجیتاڵ
چین تاوەکو رادەیەکی بەرچاو بەرگەی قەیرانی وزەی جیهانی گرت کە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز لە دوای شەڕی ئێرانەوە سەریهەڵدا. ستراتیجی چەند ساڵەی کڕینی نەوتی هەرزانی ئێران بەهۆی سزاکانەوە، وایکردبوو کە چین پێشوەختە یەدەگێکی ستراتیجیی نەوت بە قەبارەی 1.2 ملیار بەرمیل دروست بکات. لەکاتێکدا پاڵاوگە سەربەخۆکان (تایبەت و ناحکومییەکان)ـی چین کە بە زۆری لە ویلایەتی (شاندۆنگ)ن بە ئاسانی نکۆڵی لە کڕێنی نەوتی سزادراوی ئێران دەکەن. جەنگی ئێران لە ماوەی زیاتر لە 50 رۆژدا چوار قۆناخی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە. هەر کامەیان گوشارێکی دارایی جیاوازی خستە سەر سیستمی وزەی چین. گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا کە ئێستا لە هەشتەمین رۆژیدایە، یەکەم قۆناخە کە ئاڵنگاری جیدی بۆ دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگە چینییەکان دروستکردووە. ئەوەش نەک لە رێگەی کەمیی نەوتەوە، بەڵکو لە رێگەی کەمکردنەوەی قازانجی پاڵاوگەکانی شاندۆنگ و بەرزبوونەوەی کرێی کەشتییە سێبەرەکان.
قۆناخی 1 — بازدانی پێشوەختە (کانوونی دووەم – 28ی شوباتی 2026)
لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵ دا، چین هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کۆگای نەوت خێراترکرد، بە جۆرێک هاوردەکردنی نەوتی خاوی بە رێژەی 15.8% بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادکرد. قەبارەی کڕینی پێشوەختە نائاسایی بوو. بارکردنی نەوتی خاوی ئێرانی لە دوو هەفتەی کۆتایی مانگی شوبات دا گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی کە 3.78 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای هەفتانەی پێشوو بوو کە نزیکەی 1.48 ملیۆن بەرمیل بوو.
هۆکاری ئەم کۆکردنەوەیە ستراتیجییەکی چەند ساڵە بوو. چین یەدەگێکی گەورەی ستراتیجیی نەوتی کۆکردەوە کە نزیکەی 1.2 ملیار بەرمیل نەوت بوو تاوەکو سەرەتای 2026. ئەمەش بەشی بەکارهێنانی 109 رۆژی ئەو وڵاتەی دەکرد بەبێ ئەوەی پێویستی بە هاوردەکردنی نەوت بێت. کڕیارە چینییەکان دوای داشکاندن، بە نزیکەی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی ئێرانیان دەستدەکەوت، لە کاتێکدا نرخی نەوتی برێنت پێش شەڕ نزیکەی 74 دۆلار بوو، ئەمەش سوودێکی گەورەی 14 دۆلاری بوو بۆ ئەو پاڵاوگە ناحکومییانەی چین کە بە ئاسانی خۆیان لە سزاکانی سەر ئێران دەدزییەوە.
ئەمە تەنیا لە رێگەی کەشتییە سێبەرەکان دەکرا کە سیستمی ناسینەوەی خۆکار (AIS)ـیان دەکوژاندەوە بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە. کەشتییەکان ناو و ئاڵاکانیان دەگۆڕن، تۆمارەکانی بارکردن ساختە دەکەن و دەستکاری سیستەمی AIS دەکەن.
داتا گومرگییەکانی چین ئەمە دەسەلمێنن
تۆمارەکان لە ساڵی 2022ەوە هیچ هاوردەکردنێکی نەوت لە ئێرانەوە پێیشان نادەن، کەچی هاوردەی نەوت لە (مالیزیا)وە لە ساڵی 2025دا گەیشتە 1.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە دوو هێندەی تەواوی بەرهەمهێنانی مالیزیایە.
قۆناخی 2 — هەڵگیرسانی شەڕ و داخستنی بەشێکی هورمز (1 – 31ی ئاداری 2026)
لە 4ی ئاداری 2026ەوە، هێزەکانی ئێران تەنگەکەیان بە "داخراو" راگەیاند، بەڵام داخستنەکە واقیعێکی ئۆپەراسیۆنی جیاوازی بۆ چین هەبوو. ئێران لانیکەم 11.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە تەنگەی هورمزەوە هەناردە کردووە لەوەتەی شەڕەکە دەستی پێکردووە، کە هەمووی بۆ چین بووە. هەرچەندە قەبارەکە کەمتر بووە لە پێش شەڕ (1.22 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەکاتی شەڕدا بەرامبەر 2.16 ملیۆن لە شوبات بەر لە جەنگ)، بەڵام رێڕۆکە بەشێکی بە چالاکی مایەوە.
هەروەها ئێران رێڕۆیەکی لادانی چالاک کرد. دەستی کردەوە بە بارکردنی کەشتییەکان لە تێرمیناڵی جاسک لە دەریای عومان، لە باشووری تەنگەی هورمز کە تاکە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانە لەسەر دەریای عومان کە بە تەواوی تەنگەکە دەوردەداتەوە. لەلایەکی دیکەوە، چین بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران، رووی لە رووسیا کرد و هاوردەی نەوتی رووسیای بە رێژەی 40.9% زیاد کرد، بەڵام نەوتی رووسیا بە 10 بۆ 12 دۆلار گرانتر لە نەوتی ئێران دەگاتە دەستی، ئەمەش زیانی بە پاڵاوگەکانی شاندۆنگ دەگەیاند.
داتایەکی سەرنجڕاکێش: داهاتی هەناردەی نەوتی ئێران لەکاتی شەڕدا 40% زیادی کرد لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوت کە توانای قەرەبووی کورتهێنانی بڕی هەناردەکردن بکاتەوە.
قۆناخی 3 — ئاگربەست و سیستەمی باج (1 – 12ی نیسانی 2026)
ئێران تەنگەکەی کردە سەرچاوەی پارە.
لە 8ی نیسان، ئاگربەستێکی کاتی راگەیێندرا بۆ کردنەوەی تەنگەکە، بەڵام ئێران دەستیکرد بە کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆ و وەرگرتنی (باج) کە بڕەکەی زیاتر لە 1 ملیۆن دۆلار بوو بۆ هەر کەشتییەک. ئەمە کردنەوە نەبوو، بەڵکو مۆدێلێکی (وەرگرتنی باج) بوو کە هەژموونی ئێرانی دەپاراست و داهاتیشی بۆ دەستەبەردەکرد.
لەکاتی شەڕەکەدا هەناردەی ئێران تێکڕای ساڵی 2025ی تێپەڕاند. بەپێی خەمڵاندنێکی سەرەتایی بە نرخی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئێران لە مانگی رابردوودا 4.97 ملیار دۆلاری لە هەناردەی نەوت دەستکەوتووە کە 40% زیاترە لەکاتی پێش شەڕ.
قۆناخی 4 — گەمارۆی تەواوەتی دەریایی ئەمریکا (13ی نیسان – ئێستا)
یەکەم قۆناخە کە بە کردەیی سنوور بۆ سیستەمی دابینکردنی نەوتی چین دادەنێت.
ترامپ گەمارۆیەکی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز راگەیاند. گەمارۆکە بە تەنیا ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دێنە دەرەوە.
پارێزبەندی دەستبەجێی چین بریتییە لەو نەوتەی کە لەسەر ئاوە و لە رێگادایە. تاوەکو 12ی نیسان، زیاتر لە 38 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەسەر کەشتییەکان لە ئاسیا بوون کە زۆربەیان لە نزیک کەناراوەکانی چین وەستاون. ئەمە دەتوانێت پێداویستی پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو دابین بکات.
کەشتییە سێبەرەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ شکاندنی گەمارۆکە. بۆ نموونە، کەشتی MV Rich Starry کە خاوەندارێتییەکەی چینییە و ئاڵای مالاوی هەڵکردبوو، توانی خۆی دەربازبکات لە کاتێکدا باری (میسانۆڵ)ی هەڵگرتبوو کە گومان دەکرێت سەرچاوەکەی ئێران بێت.
پاڵاوگەکانی شاندۆنگ ئەگەر نەوتی ئێران بەردەوام نەگاتە دەستیان لەڕووی داراییەوە زیانیان بەر دەکەوێت، ئەگەرنا تووشی شۆکی نەبوونی نەوتی خاو نابنەوە. ئەم پاڵاوگانە 90%ی نەوتی ئێران دەپاڵێون و پشت بە نرخە هەرزانەکان دەبەستن. ئەگەر ناچاربن نەوتی دیکە بکڕن، دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک 10 بۆ 12 دۆلار زیاتر بدەن، ئەمە دەتوانێت قازانجی ئەو پاڵاوگانە بە تەواوی لەنێو ببات و زیانی گەورەیان لێبدات.
بەوپێیەش تاوەکو ئەوکاتەی چین زیاتر پشت بە نەوتی هەرزانی ئێران ببەستبێت لە قۆناخی دوای گەمارۆی تەنگەی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە زیانی زیاتری بەردەکەوێت.
نزیکەی 40 بۆ 50 ٪ـی هاوردەی نەوتی خاوی چین بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. ئەمریکا ئەمە بە باشی دەزانێت. هەرچەندە چین هەوڵدەدات لە رێگەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و وزەی نوێبووەوەوە پشت بەستن بە نەوت کەم بکاتەوە، بەڵام هێشتا لە بەرامبەر داخستنی درێژخایەنی تەنگەی هورمز، زیانی بەرچاوی بەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ