وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری دەستپێکرد

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ، دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان، دەستیان بە پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار کردووە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026 رایگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکە دەستی بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری 2026 کردووە و هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ئەو مەبەستە کۆتاییان هاتووە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان، فەرمانگەکان و حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاکان دەکات، پابەندی رێکارەکانی پارەدارکردنی مانگانە بن و رەچاوی خشتەی پەسندکراوی مووچە بکەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی رەوان و بێ گرفت بەڕێوەبچێت.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە پێش جەژن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێ یان نا.
 
رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێ."
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێ، لیستەکە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەوە دەبرێتە بەغدا و رۆژی دواتر رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە