نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی یەک هەفتەی رابردووی خۆی

20-06-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
 
یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2337 دۆلار. بەپێی شرۆڤەکاران، داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا کە لەم هەفتەیەدا بڵاوبوونەوە، دەریانخست گەشەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا خاوبووەتەوە و ئەوەش بازرگانانی زێڕی گەشبین کردووە بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا دەست بە دابەزاندنی سوودی بانکی دەکات.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) رایگەیاند، "من هێشتا بەگەشبینییەوە دەڕوانمە نرخی زێڕ و پێموایە نرخی زێڕ هێشتا زیاتر بەرزدەبێتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "کێرڤی سوودی بانکیی ئەمریکا ئێستا لە بەرزترین ئاستەکانی خۆیدایە و لەوە بەدواوە دەبێت بانکی ناوەندی دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات."
 
تیم واتێرێر باس لەوە دەکات، نرخی زێڕ لە بازنەیەکدا دەسووڕێتەوە و ئێستا کەمتر لەو ئاستە بەرزانە مامەڵەی پێوەدەکرێت کە مانگی رابردوو پێی گەیشت، بەڵام ئەگەر ئاماژەی زیاتر لەسەر خاوبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەربکەوێت، نرخی ئەو کانزا گرانبەهایە دەتوانێت هێشتا زیاتر بەرزبێتەوە و ئاستی نوێی لە بەرزبوونەوە تۆماربکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە