هەولێر دەبێتە چەقی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران؛ رۆژانە 300 ئۆتۆمبێل دەنێردرێن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
ئامادەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەناردەکردن
ئامادەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەناردەکردن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەردەمانێک بەندەرەکانی ئێران خاڵی سەرەکیی گەیشتن و گواستنەوەی کەلوپەل و باری بازرگانانی کورد بوون بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە؛ ئێستا هەولێری پایتەخت بووەتە سەنتەری سەرەکیی گەیشتنی باری ئۆتۆمبێل و هەناردەکردنی بۆ شارەکانی ئێران.
 
ماوەی نزیکەی مانگێکە بازرگانانی ئۆتۆمبێل لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە دەستیان بە ناردنی ئۆتۆمبێل بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە. لە بازاڕەکانی هەولێرەوە، هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک جگە لە ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ئەمریکی بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێدەکرێن.
 
"پێشتر لە ئێرانەوە دەمانهێنا، ئێستا لە هەولێرەوە دەیبەین"
 
شۆفێرانی هێڵە بازرگانییەکان ئاماژە بەم گۆڕانکارییە گەورەیە دەکەن. رەزا ریشگان، شۆفێرێکی گواستنەوەی بارە و بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر لە ئێران، لە بەندەر لەنگە و بەندەر عەباسەوە بارمان دەهێنا بۆ ئێرە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و لە هەولێرەوە بار دەبەین بۆ ئێران."
 
مەولوود یاوەری، شۆفێرێکی دیکە، دەڵێت: "ئێمە لێرەوە ئۆتۆمبێلەکان بار دەکەین و دەیبەین بۆ ناوچەی ئازادی ماکۆ. پێشتر بار لە ئێرانەوە دەهات بۆ ئێرە، بەڵام ئێستا تەواو پێچەوانە بووەتەوە."
 
هەولێر؛ ناوەندی نوێی ترانزێتی ناوچەکە
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گەمارۆ بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر تەنگەی هورمز، ڕێڕەوی بازرگانیی لە ئێرانەوە بەرەو سعوودیە و تورکیا گۆڕیوە، ئەمەش پێگەیەکی ستراتیژیی نوێی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە.
 
سروود کامەران، بازرگانی ئۆتۆمبێل، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ئەم جووڵە بازرگانییە و دەڵێت: "ماوەیەکی کەمە دەستمان پێکردووە، بەڵام رۆژانە ئۆتۆمبێل هەناردەی ئێران دەکەین. ئەم هەنگاوە وایکردووە رێڕۆی بازرگانیی ناوچەکە بۆ هەولێر بگوازرێتەوە و دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت."
 
رۆژانە 300 ئۆتۆمبێل گومرگ دەکرێن
 
پرۆسەی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان بەشێوازێکی یاسایی و لەژێر چاودێریی دامەزراوە فەرمییەکاندایە. هێمن خۆشناو، بازرگانی ئۆتۆمبێل بە رووداوی گوت: "ئێمە ئۆتۆمبێلەکان بە رێگەی یاسایی دەنێرین؛ هەموویان لێرە گومرگ دەکرێن و نووسراوی فەرمییان بۆ ئامادە دەکرێت. هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک دەڕوات، تەنیا ئۆتۆمبێلی ئەمریکی نەبێت."
 
لەم کاتەدا، رۆژانە نزیکەی 300 ئۆتۆمبێل لە هەولێرەوە باردەکرێن و هەناردەی 8 ناوچەی ئازادی بازرگانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێن، ئەمەش بووژانەوەیەکی بەرچاو لە کەرتی ترانزێت و بازرگانیی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی رەبیعە

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر: دەروازەی رەبیعە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت

بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی بەغدا دەڵێ، کردنەوەی دەروازەی رەبیعە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی بازرگانان ئامادە نین رێگەی سووریا بەکاربێنن