رووداو-هەولێر
رۆژ دوای رۆژ بەهای بۆلیڤار، دراوی ڤەنزوێلا زیاتر دادەبەزێت و رێژەی هەڵئاوسان زیاتر دەبێت. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان رێژەی هەڵئاوسان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە لە سەدا یەک ملیۆن.
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ نرخی مریشکێکی 2.4 کیلۆیی لە کاراکاسی پایتەخت گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 600 هەزار بۆلیڤار؛ هەرچەندە ئەم بڕە پارەیە دەکاتە نزیکەی 2.22 دۆلاری ئەمریکی، بەڵام بۆ دانیشتووانی کاراکاس کە بە دەست بێکاری و نەبوونییەوە دەناڵێنن، بڕە پارەیەکی یەکجار زۆرە.
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و بەتایبەتیش بۆ سەر کەرتی نەوت و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە، هۆکاری سەرەکیی قەیرانی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتەیە. هاوکات حکومەتی سۆسیالیستیی ڤەنزوێلا و نیکۆڵاس مادورۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە وەرگرتنی هەر جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە رەتدەکاتەوە، چونکە ئەوە بە رێگایەکی "دەستتێوەردانی کۆڵۆنیالیزمی ئەمریکی" لە کاروباری وڵاتەکەی دەزانێت.
حکومەتی ڤەنزوێلا بۆ رێگرییکردن لە زیاتر دابەزینی بەهای وڵاتەکەی و بەرگرتن لە هەڵئاوسانی زیاتر هەندێک رێکاری گرتووەتەبەر؛ لەوانە پێنج سفری سەر دراوەکەی لابردووە و ئێستا بە ئومێدی ئەوەی کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر ئابووری وڵات دروست بکات، حکومەت دراوی نوێی خستووەتە بازاڕەوە تاوەکو جێگەی دراوە کۆنەکە بگرێتەوە.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی قەیرانە ئابووری، دارایی و سیاسییەکان، قەیرانی کۆچبەرانیش لەو وڵاتە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاد لە 2.5 ملیۆن لە دانیشتووانی ڤەنزوێلا لەبەر بێکاری، نەبوونی خۆراک و دەرمان ئەو وڵاتەیان بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین جێهێشتووە؛ بەڵام لەبەر سنووردارکردنی رێگەدان بە چوونەژوورەوەی کۆچبەرانی ڤەنزوێلا لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکەوە، تا دێت بارودۆخی کۆچبەرانیش خراپتر دەبێت.
نرخی شتومەک لە بازاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا:
مریشکێکی 2.4 کیلۆیی: 14 ملیۆن و 600 هەزار بۆلیڤار $2.22

یەک کیلۆ گۆشتی سوور: 9 ملیۆن و 500 هەزار بۆلیڤار

یەک کیلۆ برنج: 2 ملیۆن و 500 هەزار بۆلیڤار $0.38

یەک کیلۆ پەنیر: 7 ملیۆن و 500 هەزار بۆلیڤار

یەک کیلۆ تەماتە: 5 ملیۆن بۆلیڤار $0.76

یەک تۆپی کلێنکسی تەوالێت: 2 ملیۆن و 600 هەزار بۆلیڤار $0.40

یەک بەستە دایبیی منداڵان: 8 ملیۆن بۆلیڤار $1.22

یەک کیلۆ گەنمە شامی : 2 ملیۆن و 500 هەزار بۆلیڤار $0.38

یەک کیلۆ گێزەر: 3 ملیۆن بۆلیڤار $0.46

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ