یەکەم کەشتیی تورکیا کە کارەبا بەرهەم دەهێنێت گەیشتە بەندەری ئوم قەسری عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم کەشتیی تورکیی بەرهەمهێنەری کارەبا گەیشتە بەندەری ئوم قەسر بۆ ئەوەی لە دەریاوە کارەبا بداتە عێراق. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "ئەو کەشتییە 125 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و مانگی داهاتوو کەشتییەکی دیکەی هاوشێوە دەگات".
 
ئەو کەشتییە سەر بە کۆمپانیای "کار پاوەر شیپ"ی تورکیایە و ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، لە بەندەری ئوم قەسر لەنگەری گرتووە.
 
چوونی ئەو کەشتییەی تورکیا بۆ بەندەرەکە، لە چوارچێوەی گرێبەستێکی عێراقە لەگەڵ تورکیا بۆ هاوردەکردنی کارەبا.
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو کەشتییە توانای بەرهەمهێنانی 125 مێگاوات کارەبای هەیە و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا، دوای ئەوەی گازۆیلی بۆ دابین دەکرێت، دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات."
 
4ـی تەممووزی ئەم ساڵ، عێراق و تورکیا گرێبەستێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی بڕی کارەبای هاوردەکراو لە تورکیاوە بگەیێندرێتە دوو ئەوەندە، کە پێشتر 300 مێگاوات بوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "بەگوێرەی گرێبەستەکە 591 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت. مانگی داهاتوو کەشتییەکی دیکەی بەرهەمهێنەری کارەبا دێتە عێراق و لەدوای دەستکردن بە بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ ماوەی 71 رۆژ کارەبا دەدەنە عێراق." 
 
بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانیدا، عێراق پشت بە هاوردەکردنی گازی ئێران دەبەستێت. ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی 54 هەزار مێگاوات بەرزدەبێتەوە.