بڕیاری نوێ لە حکومەتی عێراقەوە بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار

21-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاری دا ئەو بازرگانانەی ئۆتۆمبێل، زێڕ، جگەرە و مۆبایل هاوردە دەکەن، دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێبدرێت، ئەوەش لەپێناو بەرزکردنەوەی نرخی دیناری عێراقی لەبەرامبەر دراوی بیانی.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی دا و رایگەیاند، "رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نرخی دراوی بیانی لە بازاڕی نافەرمی دا."
 
نرخی فەرمیی 100 دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە 132 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕەکاندا بە زیاتر لە 159 هەزار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دوای ئەم بڕیارانە، بازرگانانی ئەو کاڵایانە ناچار نابن روو لە بازاڕە نافەرمییەکان بکەن بۆ کڕینی دۆلار. حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەیدا دەڵێت، "رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نرخی دراوی بیانی لە بازاڕی نافەرمی دا، چونکە بازرگانانی ئەو کاڵایانە بەشێکی گەورەی داواکاریی دراوی بیانی لە بازاڕی نافەرمی پێکدەهێنن."
 
بەپێی بڕیارەکان، رەسمی گومرگی لەسەر کۆنتێنەرەکان کەمدەکرێتەوە، هاوکات ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی زێڕ دەکرێت لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە و خزمەتگوزارییەکان دەکرێنە 24 کاژێری. 
 
هەر لە بواری چاکسازیی ئابووری دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان و ئەندامییەتی هەریەک لە: وەزیرانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، داد و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان. ئەرکی لیژنەکە بریتییە لە:
 
- پێداچوونەوە بە رێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە وشکانی، ئاوی و فڕۆکەخانەکانەوە. 
 
- دانانی دیدگایەکی گشتگیر و یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گومرگی و یاساکانی پاراستنی بەرهەمەکان. 
 
- پێداچوونەوە بە میکانزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (30 ساڵی 2016) و هەموارکردنەوەی لەگەڵ پێشنیازی چارەسەری پێویست، تاوەکو دەستە و لایەنەکان بتوانن کارەکانیان راپەڕێنن، لیژنەکە لە ماوەی مانگێک کارەکانی تەواو دەکات، دەتوانن سوود لە پسپۆڕانیش وەربگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە