ئەپیکور: چاوەڕێ دەکەین ئەردۆغان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسان رێکبکەوێت

22-04-2024
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی گوت "چاوەڕێ دەکەین سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسان رێکبکەوێت."
 
رۆژی دووشەممە، مایڵز کاگینز لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا، پێش سەردانەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر، گوتی "گرنگ دەبێت سەرۆک ئەردۆغان پەیامێکی بەهێز بە بەغدا بدات بۆ ئەوەی هانیبدات گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوت تەواو بکات."
 
کاگینز دەڵێ سەرۆککۆماری تورکیا و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەیانەوێت نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە "تورکیا دەیەوێت نەوتی کوردستان لە رێگەی جەیهانەوە هەناردە بکات."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا مایڵز کاگینز گوتی "بۆری نەوت نۆژەنکراوەتەوە، بۆ هەناردەکردنی نەوت ئامادەیە."
 
دووپاتیشی کردەوە لەوەتەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاریکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، "نزیکەی 15 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق گەیشتووە."
 
سەبارەت بە کۆمپانیاکانی نەوت، مایڵز کاگینز جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون، دەشڵێ "دەمانەوێت وەکو کۆمپانیاکانی باشووری عێراق مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت."
 
باسی لەوەش کرد "بەغدا دەیەوێت لە گرێبەستەکان تێبگات و کۆنترۆڵی بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە