دوای بەرزبوونەوە گەورەکەی، نرخی زێڕ دابەزی

23-04-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هیچ پلانێکی بۆ لادانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا نییە، هەروەها گەشبینی خۆی راگەیاند کە لەگەڵ چین لەسەر پێناسە گومرکییەکان رێکدەکەوێت، نرخی زێڕ دابەزی.
 
نرخی زێڕ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.8٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3340 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی سێشەممە خۆی لە 3500 دۆلار نزیک کردەوە بەڵام دوای ئەوەی کڕیاری لەو ئاستە دەستنەکەوت، بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و ئەمڕۆ چوارشەممە لە دابەزینەکانی بەردەوام بوو.
 
بەوپێیەش، رۆژی سێشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 120 دۆلار و ئەمڕۆ چوارشەممە تاوەکو ئێستا 40 دۆلاری دیکە دابەزیوە.
 
(کێلڤین وۆنگ)، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا)، لەو بارەیەوە دەڵێت، " ئاماژەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە هەوڵەکانی بۆ لادانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بووەتە هۆکاری فرۆشتنی لە رادەبەدەری زێڕ".
 
پاشگەزبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پلانی لادانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، نرخی دۆلار و بەهای بۆرسەکانی ئەمریکای بەرزکردووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوی نیشتمانی خۆیان مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، گران دەکات و ئەوەش خواست بۆ کانزای زەرد کەمدەکاتەوە کە دابەزینی نرخەکەی بەدواوە دێت.
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، هەرچەشنە رێککەوتنێک لەگەڵ چین لەسەر بابەتە بازرگانییەکان، پێناسە گومرکییەکانی ئێستای سەر هاوردەکردنی کاڵای چینی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
 
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش رایگەیاندووە بە بڕوای ئەو، لە داهاتوویەکی نزیکدا، گرژییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا هێور دەبنەوە.
 
زێڕ بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان وەک پەرژینێک چاوی لێدەکرێت لە بەرامبەر ناڕوونی و نادڵنییاییەکانی نێو بازاڕەکان.
 
نرخی زێڕ بە تەنیا لە ئەم ساڵدا 28 جار توانیویەتی ژمارەی پێوانەیی تۆماربکات و دوایین جار بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە توانی 3500 دۆلار بپێکێت.
 
بانکی جەی پی مۆرگەن، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئەمریکا و جیهان دەڵێت، "نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ساڵی داهاتوو 4000 دۆلاریش تێدەپەڕێنێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە