هەرێمی کوردستان دیدگەی وزەی خۆی بۆ ئەمریکا دەخاتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ کەرتی گاز و وزەی هەرێمی کوردستان، ناساندنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەکو ستوونێکی پەیوەندی لەگەڵ عێراق لەو رۆژانەدا نیشانەی دیاری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولان، ئەمڕۆ هەینیش ژمارەیەک هەڵوێستی دیکەی ئەو پشتیوانیانە بۆ هەرێمی کوردستان دەردەکەون.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارکۆ روبیۆ کۆدەبنەوە
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەو. بڕیارە هەردوولا باسی پەیوەندیی نێوان واشنتن و هەولێر و پەیوەندییەکان لە رووی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی بە رێککەوتنی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رادەگەیێنێت و ئاماژەی بەوە کردووە، "رێککەوتنەکە بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق فراوانتر دەکات."
رۆژی چوارشەممە، 21ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دڵخۆشین دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر دەبن بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان."
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند، پاڵپشتی لەو گرێبەستانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆی کردوون و هانی بەغدا و هەولێر دەدەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا هەناردەی نەوتیش دەستپێبکەنەوە.
گرێبەستەکان
گرێبەستەکانی گاز لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کەوتە نێو قۆناخی وەڵام و وەڵامکاریی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەردوولا راگەیێندراویان هەیە لەسەر ئەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە توانا و بەرهەمی گازی هەرێمی کوردستان خاڵێکی جێگەی سەرنجە کە ئیدارەی ئەمریکا لە قۆناخێکی نوێدا، دوای ئەو پشتیوانییەی لە ساڵانی رابردوو بۆ پڕۆژەی کۆرمۆری راگەیاند، ئەمجارە سەرنجەکە لەسەر دوو کێڵگەی گازییە لە سنووری بازیان و گەرمیان.
نێوەڕۆکی گرێبەستەکان
کۆمپانیاکان:
- گرێبەستی حکومەتی هەریمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای (میران ئینێرجی) بەبەهای 40 ملیار دۆلار. کۆمپانیای میران ئینێرجی، جۆینت ڤێنچەری نێوان کۆمپانیای HKN Energy و ONEX ـە.
- گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، بە بەهای 70 ملیار دۆلار.
کێڵگەی میران
میران یەکێکە لە گرنگترین کێڵگە گازییەکانی ناوچەکە، لە باکووری رۆژئاوای شاری سلێمانییە و لە ساڵی 2011 دۆزراوەتەوە، خاوەنی 8 تاوەکو 12.3 تریلیۆن پێی سێجا گازی سرووشتییە.
کێشەی گازی میران، ترش بوونی گازەکەیە، 12 هەزار تاوەکو 20 هەزار بەشی لە ملیۆنێکدا گازی (H2S)ـە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پەرەپێدانی ئەو گازە ئاسان نەبێت، سەرمایە و پارەی زیاتر و دامەزراوەی زیاتری پێویستە تاوەکو چارەسەربکرێت و دواجار بە شێوازی ستاندارد بۆ بەکارهێنان بگوازرێتەو.
H2S گازێکی کوشندەیە، ئەوەش وادەکات مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گازە لە کاتی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی میران زۆر هەستیار بێت، تەنانەت لە هەندێ قۆناخدا کە نزیکە لە بەرهەمهێنان، کارمەندان و ئەندازیاران دەبێت بە ماسکی دژە گازی ژەهراوی بەکاربهێنن.
کێڵگەکە لە 2011 لەلایەن کۆمپانیای (هێریتەیج) دۆزرایەوە، بەڵام لەو کاتە لە 2012 کۆمپانیای گەنەل ئێنیرجی بەریتانی –تورکی بووە خاوەن پشکی سەرەکیی کێڵگەکە، پەرەپێدانی دەستیپێکرد، بەڵام لەبەر کەمیی سەرمایە، پڕۆژەی پەرەپێدانەکە ئەوەندە پێش نەکەوت تاوەکو دواجار حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 12ـی ساڵی 2021 کێڵگەی میرانی لە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی وەرگرتەوە، لە 19ـی مانگیش ئەو کێڵگەیەی دایە کۆمپانیای میران ئینێرجی.
کێڵگەی کوردەمیر و تۆپخانە
کێڵگەی کوردەمیر لە نزیک کەلارە، لە ساڵی 2009 دۆزراوەتەوە، خاوەنی یەدەکی 1.8 تریلیۆن پێی سێجا گازی سرووشتی و 420 ملیۆن بەرمیل نەوتە، پێکهاتەی گازی کێڵگەی پێچەوانەی کێڵگەی میران گازی شیرینە و ئاسانتر گازەکەی بەرهەمدێت، نەوتەکەشی سووک و کوالێتیی بەرزە.
کێڵگەی تۆپخانە لە ساڵی 2011 لەلایەن کۆمپانیای رێپسۆلی ئیسپانی دۆزرایەوە، خاوەنی نزیکەی 1.6 تریلیۆن پێی سێجا گاز و 480 ملیۆن بەرمیلە.
بەهۆی رێککەوتنەکەی 19ـی مانگ لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، کێڵگەی تۆپخانەش دراوە بە کۆمپانیاکە. ئەو دوو کێڵگەیە قەبارەی گازی یەدەکیان لە نێوان 3.4 تاوەکو 5 تریلیۆن پێی سێجایە و قەبارەی نەوتی یەدەگکراویش دەگاتە 900 ملیۆن بەرمیل. کێڵگەی تۆپخانەش گازەکەی شیرینە و نەوتەکەی سووکە.
هەڵوێستی بەغدا
وەزارەتی نەوتی عێراق دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، رایگەیاند، "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
دوای ئەویش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوو رێککەوتننامەکەی واشنتن بڵاوکردەوە و وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە، رایگەیاند، "ئەو گرێبەستانە نوێ نین و پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانیان بە یاساییبوونیاندا ناوە."
دادگەی فیدراڵیی عێراق لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 بڕیاریدا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە. لەو کاتەوە کەرتی نەوتیی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان تێیدا بەردەوامە، بەڵام تەنانەت پێش ئەو کاتەش کەرتی گاز ئەو وەبەرهێنانەی تێدا نەکرابوو کە پێویستە، چونکە جگە لە دانەگاز، هیچ وەبەرهێنانێکی دیکە لە دوای ساڵی 2007ـەوە لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان دا نەکراوە، یان ئەگەر رێكکەوتنێکیش هەبووبێت، وەکو ئەو سێ کێڵگەیەی ئێستا دراوە بە کۆمپانیای دیکە، چەقی بەستووە و نەگەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنان.