گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتگیریی رێککەوتنە 110 ملیار دۆلارییەکە دەکەین

22-05-2025
دیار کوردە @diyarkurda
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو رێککەوتنانە دەربڕی کە شاندی هەولێر بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بواری وزەدا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا واژۆیان کردن. هاوکات، هانی بەغدا و هەولێریش دەدات پێکەوە کاربکەن "بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەرهەمهێنانی گاز دەست پێبکات".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن؛ تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "دەتوانم پێتان بڵێم، ئێمە خۆشحاڵ بووین کە بینیمان سەرۆکوەزیران بارزانی گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا واژۆکرد بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە یارمەتیی عێراق دەدات سوود لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی لە وزەدا بەدەستبهێنێت."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە سەربەخۆبوونی عێراق لە بواری وزەدا "پرسێکی سەرەکیی ئاسایشی نیشتمانییە" و ئەو رێککەوتنانەی هەرێمی کوردستان بە "هەمان ئەو شتەی" وەسفکرد کە ئەمریکا کاری بۆ کردووە. 
 
گوتیشی: "بۆیە ئێمە پشتیوانیی ئەم رێککەوتنانە دەکەین و بەغدا و هەولێرمان هانداون پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی گاز بە زووترین کات دەستپێبکات."
 
سەبارەت بە رەتکردنەوەی رێککەوتنەکان لەلایەن بەغداوە، برووس ئاماژەی بەوە کرد: "دەگوترێت ئەم رێککەوتنانە پووچەڵ و بەتاڵن، ئەمە ئەو جۆرە فێڵ و تەڵەکانەن کە دەتوانن ببنە کێشە."
 
برووس تیشکیشی خستە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "سەردانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، ئاماژەیە بۆ ئارەزوومان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە رۆژی دواتر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر فراوانکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراقدا."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە وەزیر روبیۆ رایگەیاندووە ئەمریکا "پشتگیریی ئۆتۆنۆمیی کورد و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات کە لەوێ کاردەکەن و داوای لە حکومەتی عێراق کردووە رێز لەم دەمارە ئابوورییە بگرێت کە بۆ گەشەکردن و سەرکەوتن پێویستە."
 
هەروەها گوتی: "ئێمە پێمانوایە بەرژەوەندییەکانی ئێمە، عێراقییەکان و کوردانی عێراق بە هەبوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی سەروەر و خۆشگوزەراندا، بە باشترین شێوە خزمەت دەکرێن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.