بەهۆی راگرتنی قیست بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رادەوەستێ

23-06-2015
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ئۆتۆمبێل
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەهۆی قەیرانی دارایی و درەنگ گەڕاندنەوەی قیستەكانیان و پاڵپشتی نەكردنیان لەلایەن بانكەكانەوە، بەشی زۆری كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانیان بە قیست راگرتووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل هەبووە. بەڕێوەبەری كۆمپانیایەك دەڵێت "بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل وەستاوە". 

كۆمپانیای لەندەن ئۆتۆ بۆ بازرگانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بە یەكێك لەو كۆمپانیایانە دادەنرێت كە پێشەنگن لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست، بەڵام ماوەی ساڵێكە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بە قیست راگرتووە. 

حوسێن حەسەن، بەڕێوەبەری كۆمپانیای لەندەن ئۆتۆ، هۆكارەكەی بۆ (رووداو) باسكرد و گوتی "كەس پارەی نەدەدا، بۆیە ناچار بووین فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانمان بە قیست رابگرین".

راگرتنی قیستەكان كاریگەری كردووەتە سەر كەمبوونەوەی فرۆشی ئۆتۆمبیلی كۆمپانیاكەی حوسێن، ئێستا وەك جاران كڕیار رووی تێناكەن، حوسێن دەڵێت "پێشتر مانگانە بە بەردەوامی 50 ئۆتۆمبێلمان دەفرۆشت، بەڵام بەهۆی راگرتنی قیست و قەیرانی دارایی، ئێستا مانگانە 2 تاوەكو 3 ئۆتۆمبیل دەفرۆشین، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی لە گیرفانی خۆمان، پارەی كرێی پێشەنگا بدەین".

بەپێی قسەی ئەو خاوەن كۆمپانیایە، بەهۆی ئەو بێ بازاڕییەی رووی تێكردوون "50%ی خاوەن كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەرگای پێشانگاكانیان داخستووە". گوتیشی "چەندین هاوڕێی بازرگانم بەهۆی ئەو بێ بازاڕییەی ئۆتۆمبێل ئیفلاسیان كردووە".

بۆ ئەوەی هاوشێوەی هاوڕێكانی پیشەكەی لەدەست نەدات و جارێكی دیكە جوڵە بخاتەوە بازاڕی كۆمپانیاكەی، حوسێن لە سەرەتای ئەم مانگەوە دوای رێككەوتن لەگەڵ بانكێك، دەستیكردووەتەوە بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانی بەقیست، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "بەهۆی ئەو مەرجە قورسانەی كە بانك بۆ فرۆشتن بەقیست بەسەر كۆمپانیاكەیدا سەپاندووە، تاوەكو ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێكمان نەفرۆشتووە".

راگرتنی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بەقیست تەنیا كۆمپانیا بچووك و مام ناوەندەكانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو كۆمپانیا گەورەكانیش بڕیاریان داوە چیدی ئۆتۆمبێل بە قیست نەفرۆشن.

كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز كە بەیەكێك لەكۆمپانیا گەورەكانی بازرگانی ئۆتۆمبێل لە كوردستان ناوی رۆیشتووە، نزیكەی ساڵێكە فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی بە قیست راگرتووە، بەڵام چەند رۆژێكە بۆ سەرنجڕاكێشانی كڕیارەكانیان، بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە جارێكی دیكە و بۆ ماوەی مانگێك بە قیست ئۆتۆمبێل دەفرۆشێ. 

ئەندازیار هونەر عەبدوللەتیف، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز، گوتی "قەیرانی دارایی و راگرتنی قیستەكان كاریگەری زۆری لەسەر فرۆشی ئۆتۆمبیلەكانمان هەبووە، بە بەراورد بەساڵانی رابردوو فرۆشمان بە رێژەی 65% دابەزیوە".

خاوەنی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل دەڵێن بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری هەرێمی كوردستان بووە، كڕیارەكان وەك پێویست توانای گەڕاندنەوەی قیستەكانیان نییە، ئەمەش وایكردووە بانكەكان وەك پێشتر پاڵپشتی كۆمپانیاكان نەكەن، بۆیە زۆربەی كۆمپانیاكان بەناچاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیان بە قیست راگرتووە.

هونەر عەبدوللەتیف دەڵێت "بەگشتی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بە قیست لەلایەن كۆمیانیاكان زۆر كەمبووەتەوە، ئەو كۆمپانیایانەشی بەردەوامن، ئەوانەن كە بەرهەمەكانیان لە بازاڕ خواستی لەسەر نییە".

پێچەوانەی كۆمپانیاكانی دیكە، فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بە قیست لە كۆمپانیای ساز بەردەوامە، بەڵام سەمیر سەبری، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای ساز بۆ بازرگانی ئۆتۆمبیلی تۆیوتا دەڵێت "بەهۆی ئەو مەرجە قورسانەی بانكەكان لەسەر كڕیاریان داناوە، وەك پێویست كۆمپانیاكەمان نەیانتوانیوە سوود لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست وەربگرێ".

سەمیر نموونە بە فرۆشی ئۆتۆمبیلەكانیان لەساڵی 2013 بە بەراورد بەساڵی 2014 و شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ دەهێنێتەوە و دەڵێت "لە ساڵی 2013 مانگانە بەتێكڕایی 100 تاوەكو 200 ئۆتۆمبیلمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا مانگانە 50 تاوەكو 100 ئۆتۆمبێل دەفرۆشین، واتە فرۆشمان بەڕێژەی 50% دابەزیوە".

 بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای ساز  گوتیشی "بەهۆی ناجێگیریی بارودۆخی ئابووریی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لاوازە و خواست زیاتر لەسەر كڕینی ئۆتۆمبێل بە قیستە، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی مووچەش كڕیارەكان وەك پێویست قیستەكان ناگەڕێننەوە، ئەمەش وایكردووە بانكەكان دوودڵ بن لە پاڵپشتیكردنی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل".

سەمیر باسی مەرجە تازەكانی بانكەكان دەكات بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بكەن و دەڵێت "بانكەكان بۆ ئەوەی دڵنیابن لە گەڕانەوەی پارەكانیان، مەرجی قورس لە كڕیار داوا دەكەن، بۆ نموونە جگە لە رەهن دانانی خانوو، داوای دوو كەفیل دەكەن كە مووچەی مانگانەی هەریەكەیان زیاتر بێت لە قیستی مانگانەكە، لێكۆڵینەوەش لە داهاتی كریاڕ دەكەن كە ئایا توانای گەڕاندنەوەی قیستەكانی هەیە یان نا، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكیش رەهنی موڵكێكیان دەوێت، مەرجیشیان ئەوەیە نرخی موڵكەكە دوو بەرامبەری نرخی ئۆتۆمبیلەكە بێت، دانانی ئەم هەموو مەرجەش وایكردووە هەموو كڕیارێك نەتوانێ بە قیست ئۆتۆمبێل بكڕێ".

پێشتر سێ‌ بانك پاڵپشتی فرۆشتنی بەرهەمەكانی كۆمپانیای سازیان دەكرد، بەڵام سەمیر دەڵێت بەهۆی نەگەڕاندنەوەی قیستەكان لەلایەن كڕیارەكانەوە، یەكێك لەو سێ بانكە پاڵپشتیی راگرتووە. سەمیر گوتی "48 كریاڕمان ماوەی سێ مانگە بەهۆی دواكەوتنی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار قیستەكانیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ بانك ، ئەمەش بەرپرسانی بانكەكەی نیگەران كردووە و بڕیاری وەستاندنی پاڵپشتیی فرۆشتنی بە قیستیان داوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە