رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، نرخی هەر بیتکۆینێک هەزار و 280 دۆلار دابەزی و بە 115 هەزار و 580 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ هەینی نرخی بیتکۆین 5 هەزار و 350 دۆلار بەرزببووەوە و گەیشتبووەوە 117 هەزار و 420 دۆلار.
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەی دوێنێ، شرۆڤەکاران دابەزینەکەی ئەمڕۆ وەک خۆڕاستکردنەوەیەک دەبینن نەک دابەزین؛ واتە بەهۆی بەرزبوونەوەکەوە بەشێکی وەبەرهێنەران قازانجەکانیان دەرهێناوە.
دوێنێ هەینی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداری دا کە سیاسەتی گومرگیی دۆناڵد ترەمپ زیانی بە نرخەکان گەیاندووە و هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێکی نیگەرانکەر. هاوکات، ئاماژەی بە ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود کرد، کە راستەوخۆ بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین.
پاوڵ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە تاوەکو کۆتایی ساڵ رێژەی سوود کەمبکرێتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیاریکراوی نەخستەڕوو.
سەبارەت بە رێژەی بێکاریش، ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە لە مانگی تەممووزدا بۆ 4.2٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی نزمی مێژووییدایە و لە ماوەی ساڵی رابردوودا تا رادەیەک جێگیر بووە.
گرنگترین بەشی گوتارەکەی پاوڵ بۆ بازاڕە داراییەکان، بۆچوونی بوو لەبارەی ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکدا لە مانگی ئەیلوول. لێدوانەکانیشی تا رادەیەک ئەرێنی بوون و دەرگای بەڕووی بڕیارێکی لەو شێوەیەدا کردەوە کە رەنگە هەر لە مانگی داهاتوودا بدرێت.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی لەسەر نرخی بیتکۆین دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لە رۆژانی پێش گوتارەکە، نرخی دراوەکە لە 118 هەزار دۆلارەوە بۆ خوار 112 هەزار دۆلار دابەزیبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ