نرخی نەوت نزیکەی دۆلارێک دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

23-10-2023
نیشانەکردن نرخی نەوت و زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا، ئەمڕۆ نرخی نەوت نزیکەی یەک دۆلار دابەزی، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕ دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و بە 1974 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە بازرگانان گەشبینن بەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بدۆزرێتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ 67 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 91 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 72 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 87 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساس لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا نزیکەی 2 دۆلار دابەزی، بەڵام پاش چەند کاژێرێک هەندێک لە دابەزینەکانی قەرەبووکردەوە.
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی زیاتر لە 1٪ بەرزکردەوە لەبەرئەوەی نیگەرانی دروستبووە لەوەی؛ ئەگەر شەڕەکە بەرفراوان بێت و ئێرانی تێوەبگلیت، بازاڕی نەوت دەشڵەژێت.
 
بانکی ئۆسترالی نیوزلاندی، ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دوای گوشارەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل رایگەیاندوو ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بووەستێنێت. ئەوەش نیگەرانییەکانی لەسەر پچڕانی خستنەڕووی نەوت کەمکردووەتەوە."
 
ئەمریکا گەمارۆ نەوتی و داراییەکانی سەر ڤەنزوێلای ئاسان کردووە و بەو پێیەش ئەو وڵاتە دەتوانێت نەوتی زیاتر لە بازاڕەکانی جیهان بخاتەڕوو.
 
نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1974 دۆلار
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 23-10-2023) دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و بە 1974 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەفتەی رابردوو نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لەبەر نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ 1997 دۆلار بەرزبووەوە.
 
هەرچەندە نرخی زێڕ دووکەوتووەتەوە لەو ئاستە بەرزانەی خۆی، بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە؛ ئاراستەی نرخی زێڕ بەرەوە بەرزبوونەوەیە و، ئەگەر هەیە لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە بۆ نزیکەی 2000 دۆلار بەرزببێتەوە.
 
پەرەسەندنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل نرخی زێڕی گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا.
 
لە لایەکی دیکەوە، جیرۆم پۆڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند 'لایەنگری لە جێگیرکردنی سیاسەتێکی جێگیری سوودی بانکی' دەکات. 
 
لێدوانەکانی پۆڵ بەوە لێکدراوەتەوە؛ رەنگە لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندیدا، رێژەی سوودی بانکی بەرزنەکرێتەوە، کە بە قازانجی زێڕ تەواو دەبێت و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە