رووداو- هەولێر
ساڵانی رابردوو ئەم كاتانە پێشەنگاكانی ئۆتۆمبێل جمەیان دەهات لەو كڕیارانەی دەیانویست مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانیان بەرزتر بكەنەوە، بەڵام كۆمپانیاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی دارایییەوە زۆر بە كەمی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ دەخەنە بازاڕەوە.
بەهۆی ناجێگیریی بارودۆخی سیاسی و ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، ماوەی دوو ساڵە خواست لەسەر كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەرەو كەمبوونەوە دەچێ و بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تازە وەكو جاران نەماوە، ئەمەش وای لە كۆمپانیاكان كردووە كە دوودڵ بن لە هێنانی مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێل.
كۆمپانیای NIM بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل كە بریكاری سەرەكیی كۆمپانیای كیا مۆتۆرزی كۆرییە لە كوردستان، تەنیا 30 ئۆتۆمبیلی مۆدێل 2016ی لەسێ جۆر هێناوە، ماوەی چەند مانگێكیشە ئۆتۆمبێلەكانی نمایش كردووە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان فرۆشراون.
دەریا وریا، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای NIM گوتی "بەهۆی قەیرانی داراییەوە فرۆشی ئۆتۆمبیلەكانمان بە بەراورد بەساڵی 2013 نزیكەی 80% كەمی كردووە، نزیكەی 600 ئۆتۆمبیلی مۆدێل 2014 و 2015 مان لەسەر ماوە، بۆیە دوودڵ بووین لە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2016".
پێشتر كۆمپانیاكەی دەریا لە مانگی تەمموزەوە لە هەموو جۆرەكانی ئۆتۆمبێلی كیا، مۆدێلی تازەی دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كزیی بازاڕەوە تەنیا 30 ئۆتۆمبێلیان لە هەموو جۆرەكانی كیا هاوردە كردووە.
ژمارەیەك كۆمپانیا بریكارێتی كۆمپانیا جیهانییەكانی ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە و بەرهەمەكانیان لە كوردستان ساخ دەكەنەوە، بەڵام دەریا دەڵێت ئێستا مەترسی لەسەر هەڵوەشانەوەی بریكارێتییان لەگەڵ كۆمپانیای كیا هەیە.
دەریا گوتی "ماوەی دوو ساڵە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تووشی هەرێمی كوردستان بووە، وەك پێویست ئۆتۆمبیلمان لە كۆمپانیای دایك هاوردە نەكردووە، بۆ هێنانی ئەو ژمارە ئۆتۆمبێلانەش ئەمساڵ و ساڵی رابردووش پەنامان بۆ بریكاری ئەو كۆمپانیایە لە ئوردن بردووە".
بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیا NIM رەتیكردەوە نەهێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2016 لەلایەن كۆمپانیاكەیانەوە بەهۆی لاوازیی دارایی كۆمپانیاكەوە بێت. ئەو گوتی "ترسمان لەوە هەیە بەهۆی مۆدێلی 2016، مۆدێلەكانی 2014 و 2015مان بۆ ساخ نەبێتەوە، چونكە هەندێ لە ئۆتۆمبیلەكانمان بە پێنج هەزار دۆلار كەمتر لەنرخی خۆی دەفرۆشین، كەچی هێشتا كڕیاری وەك پێویست نییە".
كۆمپانیای CHERYی چینیش كە دوو ساڵە لە شارەكانی كوردستان لقی كردووەتەوە، هیچ ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل 2015 و 2016ی نەهێناوە، ئەمە لەكاتێكدایە نرخی ئۆتۆمبێلەكانی ئەو كۆمپانیایە بەراورد بە كۆمپانیاكانی دیكە هەرزانترە و بەقیستیش دەیفرۆشێت، بەڵام بەرپرسانی كۆمپانیاكە ئامادەنین هۆكارەكەی بخەنەڕوو.
قەیرانی دارایی تەنیا كاریگەری لەسەر فرۆشی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان نەبووە، بەڵكو كۆمپانیا گەورەكانیشی گرتووەتەوە. كۆمپانیای ساس مۆتۆرس بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل كە سەر بە گرووپی سەردارە بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا و نیسانی ژاپۆنی، ئەمساڵ تەنیا چوار مۆدێلی 2016ی لە جۆرەكانی تۆیۆتا (لاندكروزر، هیلۆكس، كامری و پرادۆ) هاوردە كردووە.
سەمیر سەبری، بەڕێوەبەری فرۆشتنی كۆمپانیای ساس بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا لە هەولێر، دەڵێت "بەهۆی كاریگەریی بەردەوامی قەیرانی دارایی كوردستان و كێشەی نێوان هەرێم و ناوەند و دابەزینی نرخی نەوت و پاڵپشتی نەكردنی بانكەكان بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەقیست لەلایەن كۆمپانیاكان و گرانیی نرخی ئۆتۆمبێلەكان بەهۆی تێچووی زۆر، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی مۆدێل تازە كەم بووە".
سەمیر سەبری، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی بازاڕ و كەمیی خواست، ئەمساڵ كۆمپانیاكەیان تەنیا 4 مۆدێلی 2016ی لەجۆرەكانی تۆیۆتا هێناوە، چونكە هێشتا مۆدێلی 2015 لە كۆگاكانیاندا ماون".
سەبارەت بەفرۆشی ئۆتۆمبێلە تازەكانیش، سەمیری سەبری دەڵێت "خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی 2016 هەیە، بەڵام بەراورد بەپێشتر بەڕێژەی 50% كەمی كردووە".
پیشەكەیان دەگۆڕن
كەمبوونەوەی خواست لەسەر كڕینی ئۆتۆمبیلی تازە بەهۆی قەیرانی دارایی جگە لە داخستنی پێشانگەی ژمارەیەك لە كۆمپانیاكان، جۆری كاری هەندێ لە كۆمپانیاكانیشی گۆڕیوە. كۆمپانیای ئەلحەیدەر كە هاوبەشی كۆمپانیای مەنسووری عێراقییە و بریكاری كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرزی ئەمەریكین بۆ هێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری شیڤرۆلێت و جی ئێم سی، لەساڵی رابردووەوە هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێكی تازەیان نەهێناوە.
ئەحمەد حەیدەر، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیای ئەلحەیدەر بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبێل، دەڵێت "بەهۆی قەیرانی دارایی فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانمان زۆر كەم بوو، تەنانەت گەیشتە ئەو راددەیەی هەندێ لە ئۆتۆمبیلەكان نرخی خۆیشیان نەدەكردەوە، بۆیە لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە هێنانی ئۆتۆمبێلی تازەمان راگرت".
ئێستا كۆمپانیای حەیدەر بووەتە بریكاری كۆمپانیای یورب كاری فەرەنسی بۆ بەكرێدانی ئۆتۆمبێل، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر مانگانە 200 تاوەكو 300 ئۆتۆمبیلی تازەی دەفرۆشت، ئەحمەد حەیدەر گوتی "تاوەكو بارودۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە، ئۆتۆمبێلی تازە ناهێنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ