رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رێژەی 0.3% دابەزی. هاوکات نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و هەر ئۆنسەیەک زێڕ 1920 دۆلاری تێپەڕاند.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 83 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و بە هەمان رێژە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیل بە 78 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوکرا.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازی لە ئەمریکا و هەروەها ئەو پێشبینییانەی کە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا دەکرێن، دەگەڕێتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا نزیکبووەتەوە لە ئاستی بەرهەمهێنانی بەر لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گەیشتووەتە رۆژانە 12 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل.
بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا رۆژانە 13 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل بوو کە لە سەرەتاکانی ساڵی 2020 و بەر لە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا تۆمارکرا.
بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە قەبارەی بەنزین و گازوایلی یەدەگکراو لەو وڵاتە بەرەو زیادبوون دەڕوات، ئەوەش دابەزینی نرخەکانی نەوتی لێکەوتووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخەکانی نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆیان لە یەک مانگی رابردوودا.
نرخی هەر ئۆنسە زێڕ 1920 دۆلاری تێپەڕاند
دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار ئەمڕۆ پێنجشەممە بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێر بۆ سەرووی 1900 دۆلار و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1920 دۆلاری تێپەڕاند.
ئەم ئاستە کە نرخی زێڕ بە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوو هەژمار دەکرێت.
بازرگانانی زێڕ چاویان لە کۆبوونەوەی سەرۆکی بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەوروپایە کە رۆژی هەینی لە ئەمریکا بەڕێودەچێت بۆئەوەی ئاماژەیان دەستبکەوێت سەبارەت بە سیاسەتی نەوتی داهاتووی بانکە ناوەندییەکان کە لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا بەردەوام سیاسەتێکی تووندی داراییان گرتەبەر و بەو پێیەش بوونە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لەو ماوەیەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-08-2023 سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دابەزی و دوورکەوتەوە لە بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردوو، ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەگەر هاتوو جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەیەک دەرببڕێت لەسەر ئەوەی کە بانکی ناوەندی کۆتایی بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەهێنێت، ئەوا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لە ئارادایە.
