رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیێنێت، بە بڕیاری بانکى ناوەندى چیدی دۆلار بە ئامێرەکانى راکێشانى ئەلیکترۆنى دراو (ئەى تى ئێم) راناکێشرێت و تەنیا بە دینار و بە نرخى فەرمى دەبێت کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە. بەشێک لە هاونیشتمانییانیش لە هەولێر تاقییان کردووەتەوە و ناتوانن دۆلار لە ئەی تی ئێمەکان رابکێشن.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پەیوەندى بە بەرپرسانى بانکى ناوەندیى عێراق کردووە و پێیان راگەیاندوون کە بە بڕیارێکى نوێ، چیدی پارە بە دۆلار لە ئامێرى پێدانى ئۆتۆماتیکى (ئەى تى ئێم )ـى بانکەکان راناکێشرێت و هاووڵاتییان دەتوانن تەنیا دینار لە هەژمارەکەیان بانکى رابکێشن و لەکاتى راکێشاندا بە نرخى فەرمى دینار دەشکێندرێتەوە.
هەندێک لە بانکەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان ئامێرى ئەى تى ئێم- یان لە چەند شوێنێک داناوە، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنییەوە پارە لە هەژمارە بانکییەکانیان رابکێشن، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان لەکاتى داواکردنى راکێشانى دۆلار، کارەکەیان راگیراوە و تەنیا بە دینار دەتوانن لەو ئامێرانەوە پارە رابکێشن.
خلیل دۆسکى گوتی، بڕیارەکە راکێشانى پارە لە خودى بانکەکان ناگرێتەوە و ئەو کەسانەى کە هەژمارى بانکییان هەیە دەتوانن سەردانى بانکەکان بکەن و دۆلار لە هەژمارەکانیان رابکێشن لەبرى دینار، گوتیشی: "ئەو هەنگاوەى بانکى ناوەندى بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار." هەنگاوێک کە چاوەڕوان دەکرێت، گوشار و قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر بانکەکان دابنێت.
نرخى فەرمىی یەک دۆلار لە بانکى ناوەندیى عێراق 1310 دینارە، لەکاتێکدا لە بازاڕە نێوخۆییەکان نرخەکەى زیاتر لە 1500 دینارە، بەو پێیە هەر 100 دۆلارێک لە ئامێرەکانى ئەى تى ئێم، کە رادەکێشرێت بەراورد بە نرخی بازاڕ 20 هەزار دینار کەمترە.
هەمیلە گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئاڕ تی بانک لەبارەی ئەو بڕیارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی هەژمارەکەیان بە دۆلارە، دەتوانن لە ئەی تی ئێم ـەکان بە دۆلار پارەکانیان رابکێشن، بەڵام ئەوانەی بە دینارە، تەنیا دیناریان پێ دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ