بەربەستەکان لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نرخی نەوتی بەرزکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
لاوازبوونی ئەگەری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نرخی نەوتی لەسەر ئاستی جیهان بەرز کردووەتەوە.
ئەمرۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوول نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 27 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 28 سەنت بەرزبووەوە و بە 63 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوای ئەوەی دوو کۆمپانیای DNO و گەنەل ئێنێرجی داوایان کرد، قەرزی کۆنیان پێبدرێتەوە و گۆڕانکاری لە رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکان بکرێت، نرخی نەوت رۆژی سێشەممە یەک دۆلار بەرزبووەوە.
ئەگەری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت دروستکرد بوو.
لە لایەکی دیکەوە ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ئاماژە بە کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دەدەن و ئەوەش نرخەکانی زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە هانداوە.
پەیمانگەکە دەڵێت، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 3.82 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
ئەوەش بەو واتایە دێت کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزبووەتەوە.