رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی بەرهەمێنانی كارەبا لە وزەی خۆر دەڵێت كەشی كوردستان زۆر
گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێی وزەی خۆرەوە. ئەگەر حكومەت پلانی بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر هەبێت، هەرێمی كوردستان پێویستی بە موەلیدەی ئەهلی نامێنێ و گرفتی كەمیی كارەباش چارەسەر دەبێت.
لە 10 ساڵی رابردوودا شەش وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان دانراون، لەگەڵ هەردوو وێستگەی كارۆئاویی دوكان و دەربەندیخان، تێكڕای بەرهەمهێنانیان دەگاتە نزیكەی 5500 میگاوات كارەبا، ئەم بڕەش زیاترە لە پێداویستی هەرێمی كوردستان بە كارەبا، بەڵام بەهۆی گرفتی دابیننەكردنی سووتەمەنی و كەمیی ئاو، ئێستا تێكڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی سەرجەم وێستگەكان بۆ نزیكەی 2750 میگاوات دابەزیوە.
مەسعود باپیری، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پاوەر مین، بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر دەڵێت، كەشی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، ئەگەر حكومەت پلانی بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر هەبێت، هەرێمی كوردستان پێویستی بە موەلیدەی ئەهلی نامێنێ.
مەسعود باپیری گوتی "لەڕێی دانانی چەند پەنەڵێك و ئینڤێنتەرێك و چەند پاترییەك كە نرخی هەموویان نزیكەی 2500 دۆلار تێپەڕ ناكات، دەتوانین بڕی 4 بۆ5 ئەمپێر بۆ ماوەی 12 كاژێر (8 كاژێر لە رۆژ، 4 كاژێر لە شەو) كارەبا بۆ هەر ماڵێك وەك جێگرەوەی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان دابین بكەین".
بۆ كەمكردنەوەی گرفتی كەمیی كارەبا و چارەسەری ئەو لۆدە زۆرەی لەسەر كارەبای نیشتمانی هەیە، بەڕێوبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی بەنیازە پێوەری 20 ئەمپێری بۆ ماڵان دابنێ.
مەسعود باپیری دەڵێت كۆمپانیاكەیان لەڕێی سوودوەرگرتن لە سیستەمی هایربرید كە تێچووەكەی نزیكەی 10 هەزار دۆلارە، دەتوانێ بڕی 20 ئەمپێر بۆ ماوەی 14 كاژێر (9 كاژێر لە رۆژ و 5 كاژێر لە شەو) بۆ هەر ماڵێك دابین بكات.
مەسعود باپیری گوتی "بۆ جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە ئێمە لەگەڵ زۆربەی بانكە ئەهلییەكانی هەولێر گفتوگۆمان كرد، گوتمان ئێمە هیچ زیادەیەك ناخەینە سەر تێچووی بەرهەمەكانمان، ئێوە تەنیا پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیە بكەن و تێچووەكەی بۆ خەڵك بكەن بە قیست، بەڵام بانكەكان بەهۆی قەیرانی دارایی ترسی نەگەڕانەوەی پارەكانیان هەبوو، بۆیە پاڵپشتی پڕۆژەكەیان نەكرد".
لە هەرێمی كوردستان جگە لە وێستگە كارۆئاوییەكان، زیاتر سوود لە سووتەمەنی وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا. كەمترین سوود لە وزەی خۆر وەرگیراوە كە لە جیهاندا بە وزەی دواڕۆژ یان وزە نوێبووەكان دەناسرێت.
حەمەئەمین هەورامانی، راوێژكار لە وەزارەتی كارەبا دەڵێت "لە زۆربەی وڵاتان یاسای تایبەت بە وزە نوێبووەكان هەیە و حكومەت هانی وەبەرهێنەران دەدات وەبەرهێنان لە وزەی خۆر بكەن و حكومەت پاڵپشت بە یاساكە لە وەرگرتنی بەشێك لە باج دەیانبوورێت. وزەی بەرهەمهاتووشیان بە نرخی گرانتر لێ دەكڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی لەم شێوەیە نییە، بۆیە وەزارەتی كارەبا نەیتوانیوە ئەم هەنگاوە بنێ".
بە گوتەی هەورامانی كەشی هەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ بەرهەمێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، بەڵام لەبەرئەوەی تێچووی دامەزراندنی زۆرە و حكومەت بە نرخی هەرزانتر كارەبای بۆ خەڵك دابین كردووە، كەس بەكاری ناهێنێ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبا زیاتر لە یەك ملیۆن و 450 هەزار بەشداربووی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەن، ساڵانەش 100 هەزار بەشداربوو زیاد دەكات.
محەممەدئەمین هەورامانی دەڵێت "بەهۆی هەرزانیی نرخی كارەبا خەڵك زیاد لە پێویست كارەبا بەكاردێنێ، تەنانەت بۆ خۆگەرمكردنەوە و بۆیلەریش سوود لە كارەبا وەردەگرێ، بۆیە بەرلەوەی بیر لە بەرهەمهێنانی وزەی زیاتر بكەینەوە، پێویستە پێداچوونەوە بەو زیاد بەكارهێنانەی كارەبا بكەین".
سەبارەت بەسوودوەرگرتن لە وزەی خۆر، هەورامانی دەڵێت "ئەگەر تەنیا پاڵپشتی پرۆژەیەك بكەین بۆ گۆڕینی وزەی بۆیلەری ماڵان بۆ وزەی خۆر، رۆژانە 1000 مێگاوات كارەبامان بۆ دەگەڕێتەوە".
ئەگەرچی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لای خەڵكی هەرێمی كوردستان تازەیە، بەڵام بەهۆی گرفتی كەمیی كارەبا خواست لەسەر بەكارهێنانی ئەم جۆرە لە وزە زیاد بووە.
ئیبراهیم باپیر، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سپایدەرنێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەڕێی تیشكی خۆر بە (رووداو)ی گوت "بەهۆی گرفتی كەمیی كارەبا خواست لەسەر بەكارهێنانی وزەی خۆر بۆ كارەبا زیاد بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی خەڵك لەتوانایدا نییە تەواوی سیستەمەكە بكڕێت، بۆیە بەشێك لەخەڵك تەنیا ئینڤێنتەر و پاتری دەكڕن و لەكاتی نەبوونی كارەبای نیشتیمانی سوودی لێوەردەگرن".
زۆربەی وڵاتان هەوڵ دەدەن سوود لە بەكارهێنانی وزەی خۆر وەربگرن بە تایبەتی بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ فەرمانگەكان، بەڵام لە كوردستان جگە لە نەخۆشخانەیەك و دوو قوتابخانە و دوو بیری ئیرتوازی كە ئەوانیش بەپاڵپشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی (IOM) جێبەجێكراون، كارەبای هیچ دەزگایەك نەگۆڕاوە بۆ وزەی خۆر.
بە كەڵكی كشتوكاڵ نەهات
لە هەرێمی كوردستان 21 هەزار و 672 بیری ئیرتیوازی مۆڵەتدراو هەن كە 9269 بیریان كشتوكاڵین و سەرجەمیشیان بە كارەبای نیشتیمانی كار دەكەن.
مەسعود باپیری، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پاوەر مین، بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر دەڵێت پێشنیازێكیان داوەتە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ئەوەی جووتیاران سوود لە وزەی خۆر وەربگرن بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ بیرەكانیان. بەڵام د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، گوتی پێشتر وەكو تێست كارەبای سێ بیری ئیرتیوازییان بۆ وزەی خۆر گۆڕی، بۆ هەر پرۆژەیەكیش بڕی 16 هەزار دۆلاریان خەرج كرد، بەڵام پڕۆژەكە زۆر ئابووری نەبوو، چونكە كارەباكە توانای كارپێكردنی ماتۆڕی گەورەی لە قووڵایی زۆر نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ