رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی گرێبەستکردنیان لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە2 دەگاتە نزیکەی 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئاماژەی بەوەش کرد، پلانیان داناوە 50 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 23ی ئەم مانگە دوو رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی کراوە بۆ وەرگرتنی کێڵگەکانی رۆژئاوای قوڕنە2 و بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین، "رێککەوتنەکە زۆر گرنگە بۆ ئابووریی عێراق."
کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی، ساڵی 2008 ئەرکی پەرەپێدان و دەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قوڕنە2ی وەرگرت.
بەگوێرەی وەزیری نەوتی عێراق، سەرەتا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان کۆمپانیای شێڤرۆن، کۆمپانیای لوک ئۆیلی رووسی و کۆمپانیای نەوتی بەسرە کرا بۆ رادەستکردنی کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە2 بەو کۆمپانیا ئەمریکییە، دواتر رێککەوتنی سەرەکی لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و شێڤرۆن واژۆ کرا.
کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە2، رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. حەیان عەبدولغەنی گوتی، "بەپێی رێککەوتنەکە تاوەکو ماوەیەکی کاتی کۆمپانیای نەوتی بەسرە کار لە کێڵگەکەدا دەکات و دواتر رادەستی شێڤرۆنی دەکات، بە دەستبەکاربوونی کۆمپانیای شێڤرۆنیش، بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو کێڵگەیە دەگاتە 750 بۆ 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و رەنگە زیاتریش بێت."
لەبارەی رێککەوتنی دووەم بۆ کێڵگەی بەلەد لە سەلاحەدین، وەزیری نەوت دەڵێت، "ئەو کێڵگەیە ساڵانێکە کارکردن تێیدا راوەستاوە و دوای دەستبەکاربوونی شێڤرۆن، بەرهەمهێنان دەگاتە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
هاوکات عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت، "نزیکەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکە شێڤرۆن لە کێڵگەی بەلەد دەستبەکار دەبێت."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت دەستبەکاربوونی شێڤرۆن، 5 بۆ 10 هەزار هەلی کار بۆ خەڵکی سەلاحەدین بڕەخسێنێت."
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کرد، رۆژانە لەنێوان "200 بۆ 210 هەزار" بەرمیلە و لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی.
حەیان عەبدولغەنی ئاشکراشی کرد، پلانیان ئەوەیە لە ماوەیەکی ''کەمی'' داهاتوودا، "رۆژانە 50 هەزار بەرمیل لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک" لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکەن.
22ى ئەیلوولی پار، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و رێککەوتنەکە تاوەکو 31ی ئاداری ئەمساڵ درێژ کراوەتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی رێککەوتنەکەوە گوتی، "رێککەوتنەکە درێژ دەکرێتەوە و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی بەردەوام داین و پێمان وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری نوێکردنەوەی رێککەوتنەکەیە."
عێراق رۆژانە نزیکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ