رووداو- سلێمانی
دەنگۆی گرانبوونی كارتی مۆبایل و تۆڕەكانی پەیوەندیكردن لە شاری سلێمانی رەتدەكرێتەوە و داواش لە هاونیشتمانیان دەكرێت لە كاتی كڕینی كارتی باڵانسدا بە نرخی زیاتر لە خۆی، لیژنە هاوبەشەكان ئاگادار بکەنەوە.
سۆران عەبدولغەفوور، سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، كە چەند رۆژێكە دەنگۆی گرانبوونی كارتی باڵانسی مۆبایل بڵاوبووەتەوە و پاش بەدواداچوونیان دەركەوتووە بەهیچ شێوەیەك لە كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنەوە نرخ زیادنەكراوە و ئەوەی لەم بارەیەوە دەگوترێت دەنگۆیەكی ناڕاستە و گوتیشی: "پێدەچێت هەندێك لە مامەڵەكارانی كارتی مۆبایل نرخی باڵانسیان گران كردبێت كە ئەمەش بە هیچ شێوەیەك رێگەی پێنادرێت".
سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی جەختیكردەوە، كە بە وردی بەدواداچوونیان لەسەر دەنگۆی گرانبوونی نرخی باڵانسی تۆڕەكانی پەیوەندكردن دەستپێكردووە و هەر كەسێك كارتی باڵانس بە گران بفرۆشێت مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە هاونیشتمانیان كرد لە كاتی كڕینی كارتی باڵانس بە نرخی گرانتر لە خۆی پەیوەندی بەم ژمارانە بكەن (07701450755-07705487171-07704885252 یان ژمارە 100).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ