لادانی سزا ئەتۆمییەکان خێری بۆ کاسبکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە

25-04-2016
ئارینا مورادی
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو-ئارینا مورادی

کاتێک ئێران و گرووپی 5+1 لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رێککەوتن و دواتریش سزا ئەتۆمییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران لادران، ئەحمەد سادقی و کرێکارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەختی قوتی رۆژانەی خۆیان پەیدا دەکرد، لەگەڵ راگەیاندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 24ی تەمووزیش هیوای ئەحمەد و هاوپیشەکانی چاوەڕێی داهاتوویێکی باشتر بوون.

بەڵام لاچوونی سزاکان شتێکی ئەوتۆیان لە ژیانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان نەگۆڕیوە، ئەمەش لەکاتێکدا ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکن لە هەژارترین ناوچەکانی ئێران.

سادقی، تەمەن 47 ساڵ، بەر لە هەڵاتنی خۆر دەچێتە پارکی میللەت لە بۆکان، ئەو بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کرێکاری بوێت تاوەکو کاری دەستبکەوێت.

سادقی لە بارەی هیواکانی بە لادانی سزاکان بە (رووداو)ی گوت "پێمانوابوو بازاڕی کار دوای چەندین ساڵ لە دابەزین جارێکی دیکە هەڵدەستێتەوە، بەڵام لە شارە کوردییەکان، ئەمجۆرە کارە هەر وەکو جاران کزە".

ئەحمەد سادقی، باس لەوە دەکات، ئەو و 50 کەسی دیکە رۆژانە بە لایەنی کەمەوە 6 کاژێر لەو پارکە چاوەڕێ دەکەن، بە هیوای ئەوەی یەکێک لە بارهەڵگرانەی بۆ کرێکار لەوێ وەستاون چەند کەسێک لەوان هەڵبگرن ، بەڵام ئەم بارهەڵگرانە مانگی تەنها جارێک ئەو هەڵدەگرن. 

رەنجی یەکڕۆژی سادقی تەنها 60 هەزار تمەنە (نزیکەی 19.485 دیناری عێراقی)، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت "هەرچەندە تەمەنت زیاد دەبێت چانسی ئەوەت کەمتر دەبێتەوە لەڕێگەی ئەم پیشەیەوە بژێوی ژیانت پەیدا بکەیت".

بە گوتەی ئەو لەکاتی لادانی سزاکانەوە حەقدەستیان هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەحمەد دەبێت بەم بڕە پارەیە خانەوادەیەکی حەوت کەسی تێربکات و "هەر وەک چۆن لە کاتی سزاکاندا ژیان سەخت بوو، ئێستاش ژیانمان هەروایە".

ئەگەرچی لە چوارچێوەی رێککەوتنە 159 لاپەڕەییەکەی ئێران و رۆژئاوا، بەشێکی زۆر لە سزا بازرگانی و نەوتییەکانی سەر ئێران هەڵگیران، بەڵام هەتا ئێستاش ئەمریکا رێگە بە بانکەکانی ئەم وڵاتە نادات بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکەن، لە کاتێکدا واشتن بانکەکانی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری "تیرۆریزم" لە ناوچەکەدا دەکەن.

بابەک نووری، خوێندکاری زانکۆیە و تەمەنی 20 ساڵە، ئەو بەشێوەی نیودەوام لە دوکانی پێڵاوفرۆشی مامی کاردەکات. پێیوایە هەتاوەکو ئێستاش لادانی سزا ئەتۆمییەکان رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئاسایی نەبووە.

نووری، بۆ رووداو باس لەوە دەکات "جارێ زووە و نابێت حوکم بدەین، ئێمە ساڵانێکی زۆر لە ژێر ئابڵوقەی ئابووریدا بووین، گەشەکردنی بازاڕ پێویستی بە کاتێکی زیاترە".

بە پێچەوانەی نووری، عەبدوڵڵا بە گومانەوە لە کاریگەریی هەڵگیرانی سزاکان لەسەر ژیانی کوردەکانی ئێران دەڕوانێت. عەبدوڵڵا، داوای کرد تەنها ناوی یەکەمی ئاشکرا بکرێت، ماوەی 15 ساڵە لە شاری خانێ شۆفێری تەکسییە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە رەوشی ژیانی کوردانی ئێران هیچکات ناگۆڕێت، لەبەر ئەوەی تاران هەموو کات کوردی پشتگوێ خستووە.

لە شاری مەهابادیش، محەممەد مەعرووفی و شکوفە ئەمیری، هاوژینی باس لەوە دەکەن لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەموو کەلوپەلەکانیان فرۆشتووە، بۆ ئەوەی بتوانن بە پارەکەی بە قاچاخ بچنە تورکیا و لەوێشەوە ئەگەر بەخت یاوەرییان بێت بگەنە ئەوروپا.

مەعرووفی، نائومێد بووە لەوەی ژیانێکی باشتر بۆ ئەوان لە ئێران  بێتە دی "جا سزاکان هەبن یان لادرابێتن". مەعروفی پێیوایە "ئەگەر لاچوونی سزاکان بە مانای باشتربوونی رەوشی ئابووریش بێت، ئەوە دەیان ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەستی پێبکرێت".

ئەمیریش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە لاچوونی سزاکان لە زۆر رووی دیکەوە بە قازانجی کوردەکانی ئێران نییە، لەبەر ئەوەی هەڵگیرانی سزاکان دەکرێت پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان لە کوردستانی ئێران داپۆشێت.

ئەمیری سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری جێهێشتنی ئێران بەرەو ئەوروپا بە (رووداو)ی گوت "من لە ئێران گەورەبووم، بە چاوی خۆم پێشێلکاری مافەکانی خۆمانم بینیوە، چ وەکو کورد و چ وەکو ئافرەت. بۆیە دەمەوێت منداڵەکانم لە وڵاتێکی ئازاد بژین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە