رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ کۆتایی بە دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی هێنا. یەک ئۆنسە زێڕ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 2313 دۆلار. نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 87 دۆلار.
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزیبوو. هەبوونی ترس و دڵەڕاوكێ لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی زێڕ.
زێڕ وەک سامانێک کە بە پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان هەژماردەکرێت، لەکاتی ناڕوونی و نادڵنیایی، خواستی لەسەر دروست دەبێت.
سستبوونەوەی چالاکیی بازرگانی لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی لێکەتووەتەوە.
زوانی مێهتا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە پلاتفۆڕمی (ئێف ئێکس ستریت) دەڵێت: "ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا بۆ چارەکی چوارەم کە سبەی هەینی بڵاودەبنەوە، کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت."
هەرچەشنە سستبوونەوە لە گەشەی ئابووریی ئەمریکا، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە هاندەدات خێراتر روو لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات و ئەوەش پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 87 دۆلار
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و سیاسەتی نەختی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە، دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 9 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 86 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 7 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس بەڕێژەی 1٪ دابەزیبوون، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینی نرخی نەوت سنووردار دەبێت.
توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( فۆجیتۆمی سیکیۆریتی ) پێیوایە: "گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران هێوربووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت شەڕی ئیسرائیل لە غەززە تووندتر بێت".
ئەو شرۆڤەکارە گوتی، دواکەوتنی بریاری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی گوشار لەسەر نرخی نەوت.
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای راوێژکاری (ئێس ئەند پی گڵۆباڵ)، چالاکیی بازرگانی لە مانگی 4 لە ئەمریکا خاوبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ دابەزینی نرخی نەوت.
خاوبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا خواست لەسەر ئەو بەرهەمە ستراتژییە کەم دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ