بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە، کۆمپانیاکان ناچار بە زیادکردنی نرخی بلیت دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی ناجێگیری سووتەمەنی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، گوشار لەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی سەرانسەری جیهان دروست دەکات، بەتایبەتی لە ئەورووپا کە پێدەچێ تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار، سووتەمەنیی فڕۆکە کەم ببێتەوە. هێڵە ئاسمانییە ئەورووپییەکانی وەک لوفتهانزا و کەی ئێڵ ئێمی ئەڵمانی دەڵێن، گەشتە ئاسمانییەکانیان کەم دەکەنەوە و رەنگە هێڵەکانی دیکەش هەمان رێچکە بگرنەبەر.
 
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە هەموو شوێنێک، تاوەکو بتوانن تێچووەکان دەخەنە سەر شانی گەشتیاران، ئەویش بە بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی فڕۆکە، وەرگرتنی پارەی زیاتر بۆ جانتا و زیادکردنی باجی سووتەمەنی. هەندێکیشیان گەشتەکان هەڵدەوەشێننەوە.
 
هەربۆیە هیوای پشوویەکی هاوینەی نرخ گونجاو بۆ هاووڵاتییان رۆژ دوای رۆژ کەمتر دەبێتەوە.
 
کاتی ناسترۆ، شارەزای بواری گەشتوگوزار لە کۆمپانیای Going.com کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە دۆزینەوەی گەشتی هەرزانە بۆ هاووڵاتیان بە (نیویۆرک تایمز)ی راگەیاند، "ئاستێکی وەها لە نادڵنیایی هەیە کە لە دوای کۆرۆناوە لە بواری گەشتوگوزاردا نەمانبینیوە. ئەم ساڵ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ گەشتیارێکی ئاسایی کە بەهیوای پشوویەکی هاوینەی هەرزانە."
 
بەگوێرەی شیکارییەکی بزوێنەری گەڕانی گەشتوگوزاری (کایاک)، نرخی بلیتی فڕۆکە لە ئەمریکا - چ ناوخۆیی و چ نێودەوڵەتی - لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی شوباتەوە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە. لە 13ی نیسان، تێکرای گەشتێکی نێودەوڵەتی 1064 دۆلار بوو، بەراورد بە 776 دۆلار لە 23ی شوبات؛ هەروەها گەشتێکی ناوخۆیی ئەمریکا 358 دۆلار بوو، بەراورد بە 335 دۆلار لە 23ی شوبات.
 
بەگوێرەی پێنوێنی نرخی سووتەمەنیی فڕۆکەی (پلاتس)، نرخی جیهانیی سووتەمەنیی فڕۆکە لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 70٪ بەرزبووەتەوە. ئەم دۆخە وایکردووە کە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا چاوەڕێ بن ئەم ساڵ ملیاران دۆلاری زیادە بۆ سووتەمەنی خەرج بکەن و لانیکەم یەکێکیان کە (هێڵی ئاسمانیی سپیریت)ە و مایەپووچ بووە، داوای یارمەتی لە حکومەت کردووە. سووتەمەنیی فڕۆکە یەکێکە لە گەورەترین تێچووەکانی کارپێکردنی هێڵە ئاسمانییەکان.
 
رۆب بریتن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری بەڕێوەبردنی قەیران لە زانکۆی جۆرجتاونی ئەمریکا و بەڕێوەبەری خانەنشینکراوی هێڵی ئاسمانیی ئەمێریکن ئێیەرلاینز باس لەوە دەکات، تەنانەت کاتێک جەنگەکەش کۆتایی دێت، چەندین مانگی دەوێ تاوەکو نرخی سووتەمەنی و بلیتی فڕۆکە جێگیر دەبێتەوە.
 
لە کاتێکدا هێڵە ئاسمانییە نێوخۆییەکانی ئەمریکا لە راپۆرتی داهاتی ئەم مانگەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە خواست لەسەر گەشتکردن وەک خۆی ماوەتەوە، هەندێکیان گوتیان کە خۆیان بۆ کەمبوونەوەی خواست ئامادە دەکەن. هەندێک لە کۆمپانیاکان تاوەکو کۆتایی ساڵ گەشتەکانیان کەم دەکەنەوە و پلانی گەشەی ساڵی داهاتوو پێداچوونەوەی بۆ دەکەن، ئەگەر سووتەمەنیی فڕۆکە بەم بەرزییە بمێنێتەوە.
 
ئاندرو نۆسێلا، بەڕێوەبەری بازرگانیی (یونایتد) دەڵێ، هێڵە ئاسمانییەکە لە سەرەتای جەنگەوە پێنج جار "بە گشتی" نرخی بەرزکردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، یونایتد "پێشوەختە" گەشتە کەم خواستەکانی وەک گەشتەکانی درەنگانی شەو و گەشتەکانی رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و شەممە هەڵدەوەشێنێتەوە، واتە 5٪ی توانای گەشتەکانی تاوەکو کۆتایی ساڵ کەم دەکاتەوە.
 
مایک ئارنۆت، گوتەبێژی کۆمپانیای (سیریەم)، کە کۆمپانیایەکی شیکاریی فڕۆکەوانییە، بە (نیویۆرک تایمز)ی راگەیاند، هێڵە ئاسمانییەکان چەندین بژاردەیان لەبەردەستە، وەک یەکخستنی چەند گەشتێکی کەم خواست بۆ گەشتی کەمتر، بەڵام پڕتر. 
 
دۆخی ئەورووپا و ئاسیا خراپترە
 
شرۆڤەکارانی بواری فڕۆکەوانی دەڵێن، داهاتووی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە داهاتووی هێڵە ئاسمانییەکانی ئەورووپا و ئاسیا گەشترە، کە زۆر زیاتر پشت بە نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەستن. ئەمریکا خاوەنی یەدەگی نەوتی بەرچاو و ژێرخانی پاڵاوتنە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی (جەی پی مۆرگان) کە ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە، بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئەورووپا، دابینکردنی سووتەمەنی تاوەکو نێوەڕاست یان کۆتایی مانگی ئایار مسۆگەرە. بەڵام، راپۆرتەکە دەڵێت، "پێدەچێت کەمیی سووتەمەنی و بەردەوامیی نرخی بەرز ببێتەهۆی کەمکردنەوەی توانای گەشتەکان لە مانگی حوزەیرانەوە." شرۆڤەکارانی بانکەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەریتانیا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە دۆخێکی سەختتردایە، بەهۆی پشتبەستنی بە هاوردەکردنی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
لە رۆژانی رابردوودا هێڵە ئاسمانییەکانی ئەورووپا و ئاسیا کەمکردنەوەی بەرچاوی گەشتەکانیان راگەیاندووە.
 
هێڵی ئاسمانیی ئەڵمانی لوفتهانزا دەڵێ، لە شەش مانگی داهاتوودا 20 هەزار گەشت هەڵدەوەشێنێتەوە، وەک هەوڵێک بۆ پاشەکەوتکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە. هێڵی ئاسمانیی هۆڵەندی KLM دەڵێ، 160 گەشت لەو شوێنانە کەم دەکاتەوە کە رۆژانە چەندین گەشتی بۆیان هەیە، وەک لەندەن و دووسلدۆرفی ئەڵمانیا. هێڵی ئاسمانیی نۆرس ئەتڵانتیک، کە هێڵێکی هەرزانی نەرویجییە، گەشتەکانی بۆ لۆسەنجلۆسی ئەمریکا هەڵوەشاندەوە. هێڵی ئاسمانیی کاتای پسیفیک کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیران 2٪ی گەشتەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە، کە هێڵەکە بە "دوا بژاردە" ناویبرد.
 
شارەزایان رێنمایی دەدەنە ئەو گەشتیارانەی کە پلانیان هەیە ئەم هاوین و پاییزە گەشت بکەن، ئەگەر تاوەکو ئێستا بلیتیان نەبڕیوە، ئەوا ئێستا بیکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە