سكای لە كوردستان سەرنجی میدیاكانی ئەوروپا رادەكێشێت

25-05-2014
زنار ئالا
نیشانەکردن كوردستان سكاى
A+ A-

رووداو- مەدرید

ئاژانسی هەواڵی ئیسپانی (EFE) و چەند رۆژنامەیەكی ئەو وڵاتە، چەند راپۆرتێكیان بڵاوكردەوە لەسەر ئەزموونی لگۆر ئورزار، مامۆستای وەرزش لە كوردستان كە خەڵكی هەرێمی باسكی ئیسپانییە. هەروەها تەلەڤزیۆنی باسكی ئیسپانی راپۆرتێكی لەسەر سكای (خلیسان لەسەر بەفر) لە كوردستان بڵاوكردەوە.

لگۆر لە زستانی 2010ەوە ساڵانە سەردانی شارۆچكەی پێنجوێن دەكات. ئەو بەهۆی كۆمەڵەی هەرێمەكانی ناڤارا راهێنانی بە ‌چەند راهێنەرێكی كورد كردووە كە ئەو راهێنەرانە دەتوانن سوود لە ئەزموونی لگۆر وەربگرن، هەر هیچ نەبێت سەرچاوەیەكی ئابووری بۆی خۆیان و خێزانەكەیان لە وەزری زستان مسۆگەر دەكەن.

ئەو گەنجە تەمەن‌ 37 ساڵییە دەڵێت هۆكاری بەشداربوونی لەو دەسپێشخەرییەدا ئەوە بوو كە وەرزشی سكای لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێش بچێت بۆ ئەوەی لە ‌دواڕۆژدا سەرنجی گەشتیاران رابكێشێت.

ئەو باسی پێنجوێن دەكات كە شوێنێكی گونجاو نییە بۆ ئەم وەرزشە، چونكە بەرزیی ئەم شارە لەڕووی دەریاوە لە هەزار مەتر زیاترە، بەڵام ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە دەتوانرێت جێگای باشتر لە هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە: "كاتێك بەفر دەبارێت، ئێمە لە شار یاریی سكای دەكەین و ناچین بۆ شاخ. چونكە ئەو كاتەی بەفر لەناو ‌شار دەتوێتەوە لە ‌شاخیش نامێنێت. هەروەها شارەكە زۆر نزیكە لە سنووری ئێران و لەوانەیە دروستكردنی وێستگەی سكای لەسەر شاخ كێشەی لێ دروست ببێت".

ئەو ئامێرانەی سكای كە لە كوردستان بەكاردێن، لەلایەن خەڵكی هەرێمی ناڤاراوە نێردراون. لگۆر دەڵێت ئەوان هەوڵدەدەن چالاكی بۆ منداڵان رێكبخەن، بۆ منداڵانی ئەو هەرێمانەی كە بەفر لەناوچەكانیان نابارێت، بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی پێكەوەژیان لەنێو منداڵانی سەر بە رۆشنبیرییە جیاجیاكانی وەك ئێزدی، موسڵمان و كریستیان.

ئەو مامۆستا باسكییە دەڵێ لەوانەیە وەرزشی سكای ماوەیەكی درێژی پێویست بێت تاوەكو لەنێو خەڵكیدا بڵاوببێتەوە. بەڵام هەندێك ئاماژە هەن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم وەرزشە "هەندێك گەشتیار لە پایتەخت (هەولێر)ەوە هاتوون كە لە تەلەفزیۆن كارەكەی ئێمەیان بینیبوو، چالاكییەكمان بۆ ئەوانیش رێكخست. كورد لەو‌ كاتەوەی كە ئارامی بەدەستهێناوە، رێگایان بۆ چالاكییەكانی خۆشی كردووەتەوە و شتی جیاواز دەكەن".

زوو زوو هەواڵی تەقینەوە و توندوتیژی لە عێراق لە رۆژنامەكانی ئیسپانیادا بڵادەبێتەوە، بەڵام باسی ئارامیی كوردستان ناكرێت، لگۆر دەڵێت "شەڕی عێراق دەگاتە ناوچەیەكی كوردستان، بەڵام نەك لە ‌باكوور. لەوانەیە شتێكی سوریالیش بێت، بەڵام ئێمە 200 كیلۆمەتر لەو ناوچانە دوورین كە لەوانەیە شتێكی لێ رووبدات، بەڵام هەرێمی كوردستان ئارامە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە