نرخی نەوت بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە

25-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی نرخی نەوت بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانە دا دابەزی. هاوکات، نرخی زێڕ بۆ 2332 دۆلار بەرزبووەوە. 
 
هۆکاری دابەزینی هەفتانەی نرخی نەوت، کاڵبوونەوەی ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و ئەو کاریگەرییانەیە کە دەتوانن لەسەر خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت دروستی بکات.
 
هاوکات، نرخی نەوتی برێنت 76 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 73 سەنت بەرزبووەوە بە 77 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دنیس کیسلەر، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری ( بی ئۆ کەی فاینەنشیاڵ) رایگەیاند: "لەم هەفتەیەوە پشووی هاوینە لە ئەمریکا دەستپێدەکات و دەبێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزبێتەوە."
 
کیسلەر دەڵێت: " زۆرێک لە  شرۆڤەکاران پێیانوایە، دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بۆ گرەوی بازرگانان لەسەر کەمبوونەوەی خواست دەگەڕێتەوە کە هێندە هاوتەریب نییە لەگەڵ بنەماکانی خواست و خستنەڕوو لە بازاڕدا.
 
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 2.1٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕیژەی 2.8٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
تیم ئیڤانس، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕی نەوت رایگەیاند: "لێدوانەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر توندکردنەوەی سیاسەتی نەختی لە هەفتەی رابردوودا نرخی نەوتی دابەزاند."
 
کۆنووسی مانگی رابردووی کۆبوونەوەی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە، ئاماژە بەوە دەدات هەندێ لە ئەندامانی لیژنەکە پێیانوابووە، ئەگەر هەڵاوسان کۆنترۆڵ نەکرێت ناچارن دووبارە سوودی بانکی بەرزبکەنەوە.
 
نرخی زێڕ بۆ 2332 دۆلار بەرزبووەوە 
 
دوای چەندین رۆژ لە دابەزین، رۆژی هەینی نرخی زێڕ سەقامگیر بوو و ئاراستەی خۆی بەرەو بەرزبوونەوە گۆڕی بەجۆرێک رۆژی هەینی گەیشتە 2332 دۆلار.
 
هەڵوێستی نوێی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر توندکردنەوەی سیاسەتی نەختی بانکەکە، بووە هۆکار لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا زێڕ بەرێژەی 3٪ بەهای خۆی لە دەست بدات.
 
کریستین بۆرجۆن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی ( ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "دابەزینی هەفتەی رابردووی نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە جووڵەیەکی خۆراستکردنەوەیە و لە ماوەی درێژخایەندا، نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە سەرەڕای ئەوەی نرخی زێڕ دابەزیوە بۆ نزیکەی 2330 دۆلار، بەڵام ئاراستەی نرخی زێر لە درێژخایەندا کە ئاراستەی بەرزبوونەوە هێشتا نەگۆڕدراوە.
 
بەپێی بۆرجون، نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا دەتوانێت بە ئاسانی بگاتەوە ئاستی 2350 دۆلار.
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک، فرۆشیاران بازاڕی زێڕیان گرتە دەست، ئەوا ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2303 دۆلار هەیە.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە