رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆی دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 4 دۆلار و 75 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 98 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 4 دۆلار و 57 سەنت دابەزی و بە 92 دۆلاو 3 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لەدوای رۆژی 7ـی ئەم مانگە، ئەمە کەمترین ئاستی نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکایە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران و ئەمریکا هەندێ ناکۆکی لە نێوانیاندا ماون، بەڵام بەڕادەیەکی زۆر بازرگانان گەشبینن رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەم جارە سەربگرێت و ببێتە هۆکار بۆ کرانەوەی تەنگەی هورمز کە شادەماری ئابووریی جیهانە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، "ئێران و ئەمریکا بەزۆری لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن رێککەوتوون کە دەبێتە هۆکار بۆ کرانەوەی تەنگەی هورمز."
ساوڵ کاڤۆنیچ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێم ئێس تی مارکیو) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سەرەڕای ئەو هەموو گومان و نادڵنیاییەی هەیە، بەڵام ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە و خەریکە رووناکییەک لە کۆتایی تۆنێلەکەدا بەدەر دەکەوێت."
بەپێی شارەزایان تەنانەت دوای کرانەوەی تەنگەی هورمزیش، چەندین مانگ کاتی پێویست دەبێت بۆ ئەوەی دابینکردنی و خستنەڕووی نەوت لە جیهاندا ئاسایی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ