رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێت، ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی نیشتمانییان دامەزراندووە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەفتەی داهاتوو بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەچنە بەغدا.
بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 41,562 کۆمپانیا دامەزراون؛ تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکەی 1,300 کۆمپانیای نوێ تۆمار کراون، ئەمەش بەراورد بە پار زیادیکردووە."
"سیستمی ئەلیکترۆنی و کەمکردنەوەی رۆتین هۆکاری زیادبوونەکەن"
بە گوتەی بڵند محەممەد، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بۆ ئەو "زنجیرە چاکسازی و ئاسانکارییانە" دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون، لەوانەش:
• کەمکردنەوەی رۆتین و تێچوو: ئاسانکاری بۆ گەنجان و بازرگانان کراوە تاوەکو بە تێچوویەکی کەمتر و رۆتینێکی کەمتر کۆمپانیا دابمەزرێنن.
• سیستمی ئەلیکترۆنیی نیشتمانی: دامەزراندنی سیستمێکی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، وایکردووە پرۆسەکە خێراتر و ئاسانتر بێت.
بڵند محەممەد دەڵێت، "ئەگەر خوێندەواریت هەبێت یان تەنیا بزانی فەیسبووک بەکاربهێنیت، دەتوانیت بە ئاسانی کۆمپانیا تۆمار بکەیت."
ئەو قسانەی بەڕێوەبەرەکە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 16:00ی ئەمڕۆ هەینی لە رووداو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشی کرد.
"3,800 کۆمپانیا داخراون و لەگەڵ بەغدا کێشەی یاساییمان هەیە"
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئاماژەی بەوەشکرد، هاوشان لەگەڵ دامەزراندن، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیاش داخراون و گوتی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 3,800 کۆمپانیا لە مێژووی حکومەتی هەرێمدا داخراون کە هۆکارەکانی بۆ بڕینی بودجە، شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا دەگەڕێتەوە."
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا، بڵند محەممەد رەتیکردەوە هیچ هەوڵێک بۆ یەکخستنی رێکارەکانی تۆمارکردن لە ئارادا بێت و گوتی: "ئێمە بە دوو یاسای جیاواز کار دەکەین. رێکارەکانمان زۆر جیاوازن."
بڵند محەممەد جیاوازییەکانی نێوان رێکارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداشی بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە گەڕاندەوە:
• کات: لە هەرێمی کوردستان بە 24 کاژێر کۆمپانیا تۆمار دەکرێت، لە بەغدا ئەگەر بە مانگێکیش تەواو بێت "زۆر باشە".
• رێکار: لە بەغدا تاوەکو ئێستا رێکاری سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و وەرگرتنی "مۆڵەتی ئیستخبارات" بەکاردەهێنرێ.
• خاوەندارێتیی بیانی: لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەری بیانی دەتوانێ 100%ی کۆمپانیاکە بەناوی خۆیەوە بکات، بەڵام لە بەغدا تەنیا تاوەکو 49% رێگەپێدراوە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە لەکاتێکدا لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا 5,166 کۆمپانیای بیانی لە بەغدا تۆمارکراون، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 3,664 کۆمپانیای بیانی تۆمارکراون.
بڵند محەممەد گوتیشی، "بە فەرمی بە بەغدامان گوتووە، ئەگەر وازمان لێبێنن هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنیا کێشەی ناوی بازرگانی نەبێت، کە ئەوانیش دەڵێن یاسای پاراستنی زمانی عەرەبی رێگرە."
بانکی نیشتمانی و چارەنووسی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای ماوەیەک لە دواکەوتن، ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی نیشتمان دامەزراوە.
بڵند محەممەد باسی لەوە کرد، "بانکی نیشتمانی کۆمپانیایەکی گشتییە و پاڵپشت بە یاسای ژمارە 22ـی کۆمپانیاکان دامەزراوە. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پشکدارە و سەرمایەکەی 250 ملیار دیناری عێراقییە."
بانکی نیشتمان لە 29-02-2023 تۆمارکراوە؛ لە 20-12-2023 مۆڵەتی بانکی ناوەندیی وەرگرت.
بە گوتەی بڵند محەممەد، "پێویست بوو دوای وەرگرتنی مۆڵەت، ئەنجوومەنی کارگێڕی دابمەزرێت، بەڵام کارەکە بۆ ماوەیەک دواکەوت. خۆشبەختانە لە 15-07-2025 دەستەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە کە لە 9 کەس پێکدێت، دامەزرا."
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان باسی لە کێشەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کرد کە لە ساڵی 2021ـەوە دوای بڕیارێکی بانکی ناوەندی بۆ یەکگرتنی نووسینگەکان دامەزراون.
بڵند محەممەد دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 41 کۆمپانیا لە ئەنجامی یەکگرتنی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دامەزراون. ئەم کۆمپانیایانە ماوەی 2 بۆ 3 ساڵە هەموو رێکارە یاساییەکانی یەکگرتنیان تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەتی کۆتاییان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرنەگرتووە."
گوتیشی، "بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەین، بەتایبەتی بۆلای بانکی ناوەندی، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئەم مۆڵەتانە بدۆزینەوە."
بڵند محەممەد ئاماژەی بە پرۆسەی "خۆناساندنی کۆمپانیاکان" کرد کە بۆ جیاکردنەوەی کۆمپانیا "وەهمی"یەکانە و هۆشداری دا: "ئەگەر یاسای نوێ لە پەرلەمان دەربچێت، هەر کۆمپانیایەک 2 ساڵ کار نەکات، یەکسەر دایدەخەین. ئەوانەی خۆیان ناساندووە، بەردەوام دەبن و رەنگە ئاسانکاریی حکومیشیان بۆ بکرێت."
زیاتر لە 41,500 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون
وەک بڵند محەممەد دەڵێت، تاوەکو ئێستا 41,562 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. ئامارەکە دەریدەخات کە زۆرینەی کۆمپانیاکان خۆماڵین و تورکیاش لە ریزبەندیی یەکەمی وڵاتانی بیانییە کە زۆرترین کۆمپانیایان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە.
کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان
نیشتمانی: 36,656
بیانی: 3,664
لقی بەغدا: 1,242
کۆی گشتی: 41,562
جۆرەکانی کۆمپانیاکان
کۆمپانیای سنوورداری تایبەت: 1,210
پرۆژەی تاکەکەسی: 79
کۆمپانیای سنووردار: 18
کۆمپانیای پشکدار: 4
تەمەنی بەڕێوەبەران
18-42 ساڵ: 75%
لە 42 ساڵ زیاتر: 25%
کۆمپانیاکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان
تورکیا: 1,612
ئێران: 394
ئیمارات: 234
لوبنان: 195
بەریتانیا: 189
ئەمریکا: 167
ئوردن: 128
ئەڵمانیا: 74
رۆمانیا: 64
ئیتاڵیا: 64
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ