یەک ئۆنسە زێڕ بە 3734 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بە دابەزین کرایەوە و کەمێک لە ئاستە بەرزە مێژووییەکانی دوورکەوتەوە. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بە 3734 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەن کە کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە دادەنێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەمساڵدا بە 3765 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
مێری دالی، بەڕێوەبەری لقی سانفرانسیسکۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، پاڵپشتی لە سیاسەتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات و پێیوایە دەبێت هێشتا سوودی بانکی زیاتر کەمبکرێتەوە.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایف) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، هێمایەکە بۆ ئەوەی بانکەکە دەیەوێت ئابووریی ئەمریکا لە گەشەسەندن نەکەوێت و بازاڕی کار بە بەهێزی بمێنێتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، هێڵی پاڵپشتیی بەهێز ئێستا بۆ نرخی زێڕ 3700 دۆلار و 3600 دۆلارە.
ئیلیا پێیوایە، ئەگەر بەرزترین ئاستی نرخی زێڕ کە 3790 دۆلارە بشكێت کە بەهێزترین هێڵی بەرگرییە، نرخی زێڕ دەگاتە 3870 و 3875 دۆلار.
رۆژی هەینی، کۆمەڵێک داتای ئابووریی ئەمریکا پەیوەست بە خەرجیی بەکارهێنەران بڵاودەبنەوە کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.